بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بهگوێرهی راگهیهندراوێکی نووسینگهی کۆسرهت رهسووڵ، لەشاری سلێمانی، کۆسرەت ڕەسوول عەلی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیی کرد لە بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق.
باس لهوهش کراوه: لەدیدارەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی عێراق و ڕۆڵی کورد لە عێراقدا، کۆسرەت ڕەسوول دووپاتی کردەوە کە "دەبێ کورد بەیەکگرتوویی و وەک یەک تیم هەنگاو بنێ بەئاراستەی چارەسەر کردنی بنەڕەتیی کێشە کەڵەکەبووەکانی ڕابردوو، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسی و سەرکردە سیاسییەکان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان هەنگاو بنێن و بەیەک گوتاری هاوبەش و پڕۆژەی نیشتمانیەوە کاربکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە".
لهراگهیهندراوهکهدا هاتووه: تەوەرێکی تری دیدارەکە گفتوگۆ کردن بوو لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەریەک لە سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی و سەرۆک کۆماری عێراق بەگرنگیان زانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگەنە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و پتەو لەژێر چەتری دەستووری عێراق، کە تێیدا مافە دەستووری و یاساییەکان بپارێزرێ.
بهگوێرهی راگهیهندراوهکه، کۆتا تەوەری دیداری نێوان کۆسرەت ڕەسوول عەلی و بەرهەم ساڵح باس کردن بوو لە دۆخی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون کە دەبێ بە بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەکان ئەم دۆخە تێپەڕێنرێ و کێشە و قەیرانەکان کۆتاییان پێ بهێنرێ.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment