هەڵویستی هەولێر لەبارەی بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەسەرپەرشتیی مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیێندرا کە بڕینی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نایاساییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشەممە 29ـی 06ـی 2022 بە سەرپەرشتیی مەسروور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی لە بابەتی چەندبارەبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا كرد و ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لەو هێرشانە زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی هەرێم و پەکخستنی پڕۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم.

مەسروور بارزانی؛ ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاری کردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابین کردنی مووچە و خەرجیە گشتیەکانی هەرێمە جێبەجێ بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند "ئاشکرایە کە حکوومەتی فیدڕاڵی، بێ هیچ پاساوێکی یاسایی و دەستووریی، هەرێمی کوردستان بێبەش دەکات لە شایستە داراییەکانی کە لە کۆی 26 مانگ، تاوەکوو ئێستا تەنيا بۆ ماوەی 13مانگ بڕەپارەیەکی بە ناوی پێشینە کە تەنیا 200 ملیار دینارە ناردووە، لە کاتێکدا سەرجەم پابەندییە داراییەکانی هەرێمیان لە بەشە بودجەکەمان داشکاندووە".

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور و ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیاریەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجیی و قەرز ومیلاکی وەزیفیی، بە ژمارە خستووەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبوڵکراو نییە.

ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوت دەکات کە گوشاریان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت وگاز لە هەرێم ڕابگرن کە "دەبوو وەک دەوڵەتی فیدڕاڵیی، پشتیوانی پێشکەوتن و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم بن، نەک گوشاری ناڕەوا بکەن بۆ پەکخستنی ئەو بووژانەوەیە".

News Code 6301

Your Comment

You are replying to: .
captcha