کوردپرێس:
بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، سێیەمین ئاهەنگی گەڕی چوارەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک بەڕێوەدەچێت.
دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک:
دەرچووانی هێژا، میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز، ئێوارەتان بە خۆشی بێت. بەخێرهاتنی هەموو میوانانی هێژا دەكەم، بەتايبەتى میوانانی بيانى كە زەحمەتیان كێشاوە لەگەڵ ئێمە لەو رێوڕەسمەدا بەشدارن. بەخێرهاتنی هەموویان دەکەم، هەمووتان بەخێربین سەچاو.
هەرکاتێک بۆ هەر رێوڕەسمێک کە ئێمە دێین بۆ دهۆکی رەنگین، دڵمان خۆشدەبێت، خۆشحاڵین جارێکی دیکە لە رێوڕەسمێکی دیکەی دەرچوونی قوتابیانی خۆشەویستی کوردستان لە شاری دهۆک بە دیداری ئێوە شاد دەبمەوە. هەموو لایەکتان بەخێربێن.
لەو رێوڕەسمەی دەرچوونی خولی چوارەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان هەموومان پێکەوە بە خۆشی سەرکەوتنی ئەو قوتابیانە شادین، پیرۆزبایی لە ئێوە دەکەم، پیرۆزبایی لە دایک و باوک و کەسوکار و مامۆستایانی ئێوەی هێژا دەکەین کە ئەمڕۆ لەو رێوڕەسمەدا لەگەڵ ئێمەدا بەشدارن.
دەرچووانی هێژا. بە گەرمی و لە دڵەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم بۆ ماندوبوون و ئەو زەحمەتیەی لە رێگای سەرکەوتندا کێشاوتانە. ئەمڕۆ هەریەک لە ئێوە چیرۆکێکی سەرکەوتن بۆ کوردستان تۆمار دەکات. هەریەک لە ئێوە جێگەی شانازی هەموومانن، ئێمە شانازی بە ئێوە دەکەین. ئێوە هیوای پاشەڕۆژ و سەرکردەی پاشەڕۆژی ئەو وڵاتەن، کاتێک گەنجانێکی وەکو ئێوە دەبینم هیوا و ئومێدی پاشەڕۆژێکی گەشتر بۆ وڵاتی ئێمە لە ئێوەدا دەبینین. هەبوونی ئێوە و گەیشتنی ئێوە بەو ئاستە شادی دەخاتە دڵی هەموومان، باوەڕێکی زۆرتر بۆ ئێمە دروست دەکات بۆ پاشەڕۆژی وڵاتی ئێمە لە کوردستاندا.
ئەمڕۆ کاتێک ئێوە بەرەو قۆناخێکی نوێ و کار و بەرپرسیاریێتی هەنگاو دەنێنن، پێویستە هەموو کاتێک سوپاسگوزاربن بۆ ئەو چانسەی ئێوە هەتانە، سوپاسگوزار بن بۆ باوک و باپیرانتان، ئەوان ئەو چانسەیان نەبوو بەڵام ئەو چانسەیان بە ئێوەدا. ئەوان خەبات و پێشمەرگایەتیان کرد بە گیان و خوێنی خۆیان بەرگریان لە وڵات و ئازادیی ئەو وڵاتە کرد، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئێوە ئازاد بن و بتوانن لە وڵاتی خۆتان لە زانکۆدا بخوێنن.
شەرەفەندم ئەمڕۆ لە شاری دهۆک دەبینم زانکۆی ئەمریکیی کوردستان سەرکەوتووانە ساڵ لە دوای ساڵ بەرەوپێش دەچێت و کادری باش و لێهاتوو پەروەردە دەکات بۆ ئەو وڵاتە. پێویستە بە ماندوبوونی ئەوان بزانین و هیچ جارێک زەحمەتییەکانی باب و باپیرانی خۆتان لەبیر نەکەن، ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ بەری خوێن و رەنج و خەباتی ئەوانە، یان هی شەهیدانە کە ئەمڕۆ ئێمە بەرهەمەکەی دەبینین و بە ئازادی و کەیفخۆشی پێکەوە ئاهەنگی دەرچوونی ئەو خۆشەویستانە دەگێڕین.
تا ئێستا ئەوان ئەرکی خۆیان بە هەموو دڵسۆزییەکەوە بەجێهێناوە، خاک و ئازادیی ئەو میللەتەیان پاراستووە، ئێوەش پێویستە ئەمڕۆ بە دڵسۆزی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خزمەتی میللەت و وڵاتی خۆتان بکەن. بەو زانست و زانین و مەعریفەیەی بەدەستتان هێناوە، پێویستە سەرکەوتنی زۆر گەورە تۆمار بکەن، رۆڵی کاریگەر و داهێنەرانەی خۆتان بۆ ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردنی وڵاتی خۆتان و کوردستان ببینن.
ئێوە ئیتر دەبنە داینەمۆی بەرەوپێشبردنی ئەو وڵاتە، پێویستە ئێوە ببنە هەوێنی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و زانستی و مەعریفی. پێویستە سیستمی بەڕێوەبردن و کۆمەڵایەتی بۆ ئاستێکی زۆر بەرزتر لەوەی ئەمڕۆ هەیە، ببەن. ئەمەش ئەرکێکی ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بەوەیە ئێوە کۆڵنەدەن و سەرکەون، هەروەک چۆن کۆڵتان نەدا و شەو و رۆژتان کردە یەک و بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە قۆناخی خوێندنتان دەربازکرد، پێویستە ئەو قۆناخەش دەرباز بکەن و بە خۆشی و سەرفرازی خزمەتی وڵاتی خۆتان بکەن.
دەرچووانی هێژا. لە قۆناخی نوێی ژیاندا، هەر یەکێک لە ئێوە لە هەر بوارێکدا دەستبەکارببێت، چاوی ئێمە لە هیمەتی ئێوەیە کە ئێوە خاوەن دیدگا بن، باوەڕ بەخۆ، دووربین، پڕۆفیشناڵ، دەرستپێشخەر، داهێنەر، بونیادنەر و بەرهەمداربن بۆ ئەو وڵاتە. بۆ بەجێهێنانی خەون و خۆزگەکانتان بە ئیرادەبن، بە ئیرادەبن بۆ بەرەوپێشبردنی کوردستان و هیچ جارێک کۆڵنەدەن. بەرەو پاشەڕۆژ، هیوا و ئومێدی ئەم میللەتە بگەیێننە ئامانج.
لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هیوای زۆریان بە ئێوە هەیە، وڵات چاوەڕێی ئێوەیە و هیوا دەخوازێت گەنجی زیاتر ئەو ئەرکەی لەسەر شانی ئەوانە بۆ پاشەڕۆژی ئەو میللەتە بەدیبهێنن. پێویستە لە هەموو بوارەکانی ژێرخان، ئابووری، گەشەپێدان، زانستی، مەعریفی و هەموو بوارەکانی دیکەدا ببنە پێشەنگ و وڵات بەرەوپێش ببەن. ئیتر جێ پەنجەی ئێوە بەسەر ئێستا و پاشەڕۆژی وڵاتی ئێمە دیار دەبێت، بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدار و دەستپێشخەربن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشە و ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ لە وڵاتی ئێمە هەیە، وەک: کێشەی تێکچوونی کەشوهەوا، چۆنیێتی پاراستنی ژینگە، کەمبوونەوەی ئاستی ئاو، بەبیابانبوون، کێشەی کۆمەڵایەتی، کارگێڕی، سیاسی و... تاد.
دەرچووانی زانکۆ لە کوردستان و عێراق، پێویستە لە ئێستاوە پێشبینی کێشە و ئاڵنگاری و ئاڵۆزییەکانی سبەی و پاشەڕۆژ بکەن، لە ئێستاوە بیری لێبکەنەوە و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی چارەسەرێکی دروست بۆ کێشەکانی ئەو وڵاتە بدۆزنەوە. هەریەکێکیش بیەوێت خوێندنی باڵا تەواو بکات، پێویستە بە هەمان گیان و باوەڕی سەرکەوتن، لەسەر هەوڵەکانی خۆی بەردەوامبێت.
هەر لەو دەرفەتەدا دەمەوێت هەموو لایەک پشتڕاست بکەمەوە وەکو هەمیشە لەسەر پشتیوانیکردنی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک و زانکۆکانی دیکەی کوردستان بەردەوام دەبین. ئێمە پەرۆشی بەرەوپێشچوونی زیاتری ئاستی خوێندن و فێرکردن و خوێندنی باڵاین لە کوردستاندا. ئەوەندەی پێمان بکرێت بۆ پشتیوانی زانکۆکان و گەنجان، هەرچی لەدەستی ئێمەدا بێت، خەمساردی ناکەین، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین.
هەروەها هەموو پشتیوانییەک لە هەوڵ و دامەزراندنی (دەزگای متمانە بەخشین بە پرۆگرام و ناوەندی خوێندن) لە هەرێمی کوردستان دەکەم، دەستخۆشی لە هەوڵ و کۆششەکانی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگایە. هەروەها دەستخۆشی لێدەکەم بۆ ئەو دیدگایەی کە ئەو زانکۆیەی لەسەر بونیاد نراوە. هیوادارم بەردەوام و سەرکەوتووبێت. خۆشحاڵم کە دەبینم زانکۆی ئەمریکیی کوردستان بەها و گرنگی داوەتە زۆربەی بوارەکانی زانستی و مرۆیی، ئەمڕۆ لەو رێوڕەسمەدا لە قۆناخی دووەمیشدا بە گشتی 145 دەرچوو بڕوانامەی زانکۆ وەردەگرن.
ئەو گەنجە ئەزیزانە بەو پسپۆریانەی کە بەدەستیان هێناوە لە زۆر بواردا خزمەتی وڵاتی خۆیان دەکەن، وەکو: ئەندازیاری بیناسازی، بەڕێوەبردنی کار، ئەندازیاری ئەلیکترۆنی، پەیوەندی و گەیاندن، ژینگە، IT، دیزاینی ناوخۆ، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبردنی نەوت و گاز، ئەندازیاری نەوت، سیاسەتی گشتی و ئاسایش و لێکۆڵینەوەی ستراتیژی. ئەمەش جێگەی شانازی و خۆشحاڵی ئێمەیە.
ئامادەبووانی بەڕێز. دەمەوێت جارێکی دیکە جەخت لەسەر رۆڵی زانکۆ بکەمەوە بۆ دابینکردنی پێویستی بازاڕی کار و هەموو بوارەکانی دیکە کە بۆ پێشخستن و گەشەپێدانی هەر وڵاتێک پێویستن. بۆ ئەمەش پێویستە زانکۆ گرنگییەکی تایبەت بداتە داتا و لێکۆڵینەوەی زانستی و بیکاتە بنەمایەکی سەرەکی کار و پڕۆگرامەکانی خۆی.
بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هاریکاری و هاوئاهەنگیەکی دروست لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و زانکۆکان هەبێت. ئەمە هاریکار دەبێت بۆ دانانی پلانی هەنووکەیی و پلان بۆ ئاییندە.
دەرچووانی خۆشەویست. باشترین سەرمایەی ئێوە، گەورەترین هێزی ئێوە، ئەو زانست و مەعریفە و پیسپۆڕی و تایبەتمەندیەیە کە ئێوە لە قۆناخی خوێندن بە گشتیی و خوێندنی زانکۆدا بە تایبەتی بە دەستتان هێناوە. ئەمە گەورەترین سەرمایەی ژیانی ئێوەیە. باشترین وەبەرهێنانی کە دایک و باوکی ئێوە کردوویانە، ئەمە بووە. کە هەموو هەوڵێکیان داوە و هاوکار و پشتیوان بوون بۆ ئەوەی ئێوە سەرکەوتن لە خوێندنتان تۆمار بکەن. ئیتر لەمڕۆ بەدواوە نۆرەی ئێوەیە چاکەکانیان بدەنەوە بە خزمەتکردنی وڵاتەکەتان و بەرەوپێشبردنی، میللەت و وڵاتی ئێوە پێویستیان بە ئێوەیە. ئێوە بە سەرکەوتن و کاری خزمەتکردنیان دڵی ئەوان دڵی هەموومان خۆش دەکەن.
پاشەڕۆژی ئەو وڵاتە لە دەستی ئێوەدایە، هەروەک چۆن ئێوە لە هەموو شوێن و ناوچەیەک و پێکهاتەیەک لێرە پێکەوە کۆبوونەتەوە، ئێوە لە هەر جێیەکی کوردستان و عێراق هاتبن و زانکۆتان تەواوکرد، بە هەمان شێوە پێویستە ئێوە رۆڵی کاریگەرتان هەبێت لە بەرەوپێشبردنی کولتووری پێکەوەژیان، تەبایی، لێبووردەیی و هەمەڕەنگی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
Your Comment