په‌رله‌مانتارێکی عێراقی داوا له‌هاوڵاتیانی عێراق ده‌کات سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان نه‌که‌ن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی هێرش کردنه‌ سه‌ر پاسێکی گه‌شتیاری هاته‌ده‌نگ و داوای له‌هاوڵاتیانی ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق کرد، سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان نه‌که‌ن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌به‌یاننامه‌یێکدا عالیه‌ نوسه‌یف، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند ڤیدیۆی هێرشی نه‌ته‌وه‌په‌رستانه‌ی گرووپه‌ کوردییه‌کان له‌ هه‌ولێر دژی عه‌ره‌بی عێراقی ئه‌نجامیاندا، ده‌رخه‌ری نه‌زانی و به‌ربه‌ریه‌ت و تاوان و کلتوری نا لێبورده‌ییه‌، ئه‌وه‌ی زیاتر هانده‌ره‌، نه‌بوونی ئه‌و که‌سانه‌یه‌ رێگری له‌ تاوانباران ناکه‌ن بۆ ده‌ستدرێژی کردنه‌ سه‌ر خه‌ڵک، ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ گومانی دیارنه‌بوونی هیچ هێزێکی ئه‌منی و ئاسایش.

ناوبراو وتیشی، "ئه‌و عه‌ره‌به‌ عێراقیانه‌ی هێرشیانکرایه‌ سه‌ر هاوڵاتی ئاسایین نه‌ک سه‌رکرده‌ی سیاسی، له‌کاتێکدا ئه‌گه‌ر هه‌وڵێک هه‌بێت بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر کوردێک له‌ به‌غدا، خه‌ڵکی سه‌ر شه‌قام ڕێگری له‌ ده‌ستدرێژکه‌ر ده‌که‌ن و به‌رگری له‌ کورد ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی به‌رگری کردن له‌ غیره‌ت و پاراستنی میوانه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی به‌غدا و سه‌رجه‌م پارێزگاکانی دیکه‌ به‌ دادپه‌روه‌رانه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، به‌سه‌ر هه‌مواندا وه‌ک یه‌ک یاسا جێبه‌جێ ده‌که‌ن".

عالیه‌ نوسه‌یف ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئه‌گه‌ر پارێزگاری هه‌ولێر بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بکات که‌ هێرشبه‌ره‌کان ده‌ستگیرکراون، ئه‌وا ده‌بێت هه‌نگاوی داهاتوو مافی قوربانییه‌کان پارێزراو بێت و بتوانن سکاڵا تۆمار بکه‌ن له‌ دادگاکانی به‌غدا بۆئه‌وه‌ی تۆمه‌تباره‌کان بچنه‌ شوێنی سکاڵاکه‌، دواتر ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌سه‌لمێنرێت که‌ ئایا تاوانباره‌کان ڕاده‌ست ده‌کرێن یان نا.

عالیه‌ نوسه‌یف هه‌ر له‌په‌یامه‌که‌یدا داوای له‌هاوڵاتیانی پارێزگاکانی ناوه‌ڕاست و عێراق کرد و رایگه‌یاند دان به‌خۆیاندا بگرن و هۆشیاربن، ئه‌گه‌ر زۆریش زه‌روور نه‌بن سه‌ردانی پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان نه‌که‌ن.

شه‌وی پێنجشه‌ممه‌، له‌کاتی به‌ڕێوه‌چونی ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ له‌شاری هه‌ولێر، ژماره‌یێک هاوڵاتی هێرشیان کرده‌ سه‌ر پاسێکی گه‌شتیاری پارێزگاکانی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق، پاشانیش پارێزگای هه‌ولێر ده‌ستگیرکردنی گرووپێکی راگه‌یاند که‌ ئه‌و هێرشه‌یان ئه‌نجامدابوو.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 616

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha