مه‌سروور بارزانی ئیدانەی هێرشکردنه‌ سه‌ر گه‌شتیارانی عەرەب لە هەولێر دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر هێرشکردنه‌ سه‌ر پاسێکی گه‌شتیاری له‌ شاری هه‌ولێر رایگه‌یاند هه‌رکه‌س و لایه‌نێک هه‌وڵی شێواندن و ناشرین کردنی کلتوری به‌رزی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان بدات، ڕێکاری توندی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌په‌یامێکدا، مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند، به‌ داخێکی زۆره‌وه‌ له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا، چه‌ند ڕووداوێکی نه‌خوازرا و دوور له‌ هه‌موو دابونه‌ریتێکی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ڕوویاندا و چه‌ند که‌سێکی تێکده‌ر و ئاژاوه‌گێڕ، هێرشیان کرده‌ سه‌ر گه‌شتیارانی به‌غدا و پارێزگاکانی دیکه‌ی عێراق، که‌ بۆ به‌سه‌ربردنی پشووی سه‌ری ساڵ هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمی کوردستان، ئه‌م ده‌ستدرێژیانه‌ به‌ توندترین شێوه‌ سه‌رکۆنه‌ و شه‌رمه‌زار ده‌که‌م که‌ دوورن له‌ به‌ها و ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان.

بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵانی ڕابردوودا و تا ئێستاش، په‌ناگه‌یێکی ئارام بووه‌ بۆ ملیۆنان ئاواره‌ و په‌نابه‌ری پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و هه‌میشه‌ بێ جیاوازی، ده‌رگای کراوه‌بووه‌ بۆ میوانداری و له‌باوه‌شگرتنیان.

سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم باسی له‌وه‌ش کرد، به‌رده‌وام سه‌دان هه‌زار گه‌شتییار، ڕوویان له‌ هه‌رێمی کوردستان کردووه‌ و به‌ڕێز و خۆشه‌ویستییه‌وه‌ پێشوازییان لێکراوه‌، بۆیه‌ ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌، نامۆن به‌ ڕه‌وشت و کولتوری لێبورده‌یی و به‌یه‌که‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و مرۆڤدۆستانه‌ی خه‌ڵکی کوردستان، هه‌رکه‌س و لایه‌نێکیش هه‌وڵی شێواندن و ناشرین کردنی ئه‌م کولتووره‌ به‌رزه‌ی کۆمه‌ڵگه‌که‌مان بدات، ڕێکاری توندی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌به‌ر.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 614

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha