بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا وتی: "سەبارەت بە لایەنی سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم سەرپەرشتی بکات، بەڵام کێشە یاساییەکان و کەموکورتییەکانی پڕ بکرێتەوە ."
ئەوەشی خستۆتەڕوو "ئەوەی پەیوەندی بە کەمینەکانەوە هەیە، رای ئێمە وایە ١١ کورسییەکە کەمبکرێتەوە و دابەشی پارێزگاکان بکرێن."
دەربارەی ژماردنەوەی دەنگەکانیش، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەی خستۆتەڕوو "ئێمە وتومانە دەکرێت دەنگدان ئەلیکترۆنی بێت، بەڵام ژماردنەوە دەبێ دەستی و ئەلیکترۆنی بێت."
لەبارەی كۆمسیۆنیش ئاماژەی بەوەداوە "جا ئەوەی کۆمسیۆن حاکم بێت یان کادری حزبی، قسەی ئێمە ئەوە بووە کە کۆمسیۆنی ئێستا سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات نەک کادری حزب و حاکم و شتی وا. ئێمە بە نوسراوی فەرمیش لەم بارەیەوە قسەی خۆمان لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان کردوە".
Your Comment