بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە لە ماوەی ڕابردوودا باری تەندروستیی کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتیەکان جێگیر نەبووە، بۆیە چەندین جار بە مەبەستی چارەسەری مۆلەتی وەرگرتووە.
لە درێژەدا هاتووە: ئێستاش دووبارە بە مەبەستی چارەسەری، بە نیازە سەردانی دەرەوە بکات و پرۆسەی چارەسەریشی کاتی زیاتری پێویستە. لە بەر ئەو هۆیە بە ویستی خۆی، دەست لە کار کێشانەوەی ئاراستەی سەرۆکی حکوومەت کرد.
بۆ ئەوەی ئامادەنەبوونی کەمال ئەتروشی کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاروباری وەزارەت نەبێت، سەرۆکی حکوومەت دەست لە کارکێشانەوەکەی پەسند کرد و بڕیاری داوە کە ناوبراو وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەت بۆ کاروباری وزە، بە پێی توانا و دۆخی تەندروستیی لە خزمەت بەردەوام بێت.
لە هەمان کاتدا کەمال محمد سالح وەزیری کارەبا راسپێردرا، بە وەکالەت کاروباری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەڕێوە ببات.
Your Comment