کوردپرێس:
ئاژانسی شارپرێس بڵاوی کردەوە بەیانیى ئەمڕۆ یەک شەممە ژمارەیەکى دیکە لە مامۆستایان و فەرمانبەران و موچەخۆران لە شارى سلێمانى خۆپیشاندانیان رێکخست لە دژی نەبوون و دواکەوتنى موچەکانیان.
مامۆستایان و فەرمانبەران لەبەردەم کەمپی کۆنى زانکۆی سلێمانى کۆبوونەوە و تیایدا رەخنەى توندیان لە حکوومەت گرت کە بەتەواوەتى نیگەرانى و ناڕەزایەتى چینە جیاوازەکانى کۆمەڵگەى پشتگوێ خستووە.
یەکێک لە مامۆستا خۆپیشاندەرەکان بەشارپرێسی راگەیاند، ئێمە ئەمرۆ هاتووین لەدژی ئەم بێ سەروبەرەییەى حکوومەت کۆبووینەتەوە، داواکارییەکانمان روونەو هیچ مەتەڵێکى تێدا نییە، مووچە لەکاتى خۆیدا بێ کێشەو بێ کەم و کوڕێ دابەش بکرێت، ئەمە داواکاری ئێمەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ئێستا مووچەى مانگی سێیان وەرگرتووە لەکاتێکدا ئەوە مانگی پێنج کۆتایی دێت، بۆیە دەبوو ئێستا موچەى مانگی پێنج ئامادەبوایە.
یەکێکى دیکە لە فەرمانبەرانی خۆپیشاندەر دەڵێت: "داواکاری ئێمە بچووککراوەتەوە لە موچەو تەنیا موچە، لەکاتێکدا ئێمە لە رابردوو خۆپیشاندانمان بۆ چەندین داواکاری دەکرد، کەچی ئێستا کە داواکارییەکى سەرەتایی و کەمترین مافی خۆمان دەکەین کە موچەیە ئەوەش جێبەجێ ناکەن".
ئەو فەرمانبەرە باس لەوەش دەکات، ئەوەى ئێستا دەگوزەرێت حکومڕانی نییە، بەڵکوو دوو خێزان و دوو کۆمپانیا هەرێم بو سەقەتى بەڕێوە دەبەن و ئەوە دەکەن کە میزاجی خۆیان دەیخوازێت.
Your Comment