تا ئێستا لەنێوان پارتی و یەکێتی  رێکەوتن نەکراوە و رادەستکردنی نەوت و غازی سلێمانی بە بەغدا ئەگەرێکی کراوەیە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، تا ئێستا لە نێوان پارتی و یەکێتی هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە و رادەستکردنی نەوت و غازی سلێمانی بە بەغدا ئەگەرێکی کراوەیە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چیا زەنگەنە، راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ڕوودای ڕاگەیاند: "ئێستا دۆخی یەکێتی و پارتی هەستیارە و لە واقیعێکی تاڵداین کە دووئیدارەییە و دانی پێدا نانێین. دانپێدانانیشی لێکەوتەی ئابووری و سیاسیی زۆر ترسناکی هەیە. دەبێت رێگری لەوە بکەین کە ئەمە دروست ببێت. لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی مەلەفی نەوت و گاز لەلای پارتییە، لەم قۆناخەدا بەرپرسیارێتی گەورە دەکەوێتە ئەستۆیان".

چیا زەنگەنە گوتیشی: "تاوەکوو ئێستا ئێمە لە ململانێی سیاسیداین و نەمانتوانیوە حکوومەتێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و یەکگرتوو لە ئاستی داخوازییەکانی خەڵکدا دروست بکەین. بەهۆی هەڵە هاوبەشەکانی هەموومانەوە پێشمەرگە، مامۆستا و مووچەخۆرمان سووککردن. وامان لە دۆخی سیاسی و نیشتمانی خۆمان کرد کە هەموو جیهان گاڵتەمان پێبکەن."

راوێژکاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان باسی لەوە کرد، پرسی سلێمانی و پرسی کورد دووانەن. گەمارۆدان و برسی کردنی سلێمانی پرسی کورد دەخاتە مەترسییەوە. ئەگەر بە دەستووری بیر لە بابەتەکە بکەنەوە، سامانی سەرخاک و ژێرخاکی عێراق هی گەلانی عێراقە. هەڵسوکەوتی سیاسییش دەبێت بەپێی دەستوور بێت کە ئەوەش بۆ حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.

ئەو راوێژکارەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر لەگەڵ پارتیدا رێکنەکەون، رادەستکردنی نەوت و غازی سنووری سلێمانی بە بەغدا ئەگەرێکی کراوەیە کە کاری لەسەر دەکرێت، ئەوەش لەپێناو ئەوەی خەڵکی سلێمانی برسی نەکرێن و گەمارۆکەی سەری نەمێنێت.

چیا زەنگەنە لە بارەی دۆخی خەڵکەوە گوتی، واقیعێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیی تاڵ دروستبووە و ئاماژەی بەوەش دا، "کۆمەڵگەمان لە بەها هزری، ئاکاری، ئاسمانی و زەمینی داماڵیوە. تاکی کوردمان سەرلێشێواو کردووە. ئەم نەوەیەی دروستمانکردووە لە رووی نیشتمانییەوە هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات. ئەگەر بە پاکی هەموو داهاتەکان نەخەینە سەر مێزی گفتوگۆ و ژێر چەتری یاسا دۆخەکە زۆر خراپ دەبێت."

News Code 5868

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha