بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا لەسەر چەند تەوەرێکی جیاواز هەڵوێستی پارتەکەیانی ڕاگەیاند.
ناوبراو لهبارهی هێرشەکانی سوپای توركیاوه وتی: "ئێمە دژی شەڕین، دەوڵەتی تورکیا، هەمیشە قەیران بەشەڕ چارەسەر دەکات، بەگواستنەوەی شەڕ بۆ عێراق و سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیەوێت ئەم ناوچەیە زیاتر ناسەقامگیر بکات و ئایندەی هاوبەشی هەموو گەلانی ناوچەکە بکاتە ئامانج بەتایبەتیش گەلی کورد لە ئامانجی دەسەڵاتدایە."
بوڵدان ئەو سیاسەتە نوێیەی بەبیرهێنایەوە کە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دەستیپێکردووە و وتی: ئەو دەسەڵاتەی کە وتبووی هیچ سەرکەوتنێک لەشەڕی ئۆکرایندا نییە دەستی بەشەڕێکی نوێ کردووە لە هەرێمی کوردستان کە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پشتگوێ خستووە.
هاوسەرۆکی هەدەپە، باسی لەدەستگیر کردنی بیست ئەندامیان کردووە لەسەر دۆسیەی کۆبانێ، لەو بارەیەوە دەڵیت: "بیست هەڤاڵمان بە نایاسایی دەستگیر کراون هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە، دەیانەوێت بەم سزا و دەستگیرکردنە کۆمەڵگا بترسێنن ئەوەی لەم وڵاتەدا زیان بە کۆمەڵگا و ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی و سیاسەتی دیموکراتی دەگەیەنێت خودی دەسەڵاتە."
پەروین بوڵدان ڕاشیگەیاند: "ئەردۆغان لە وتارەکەی هەفتەی ڕابردووی گرووپی پارتەکەیدا وتی: "تەنها هەدەپە دژی ئۆپەراسیۆنە؛ وتەکانی ئەردۆغان ئەوەش نیشان دەدات کە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پشتگیری سیاسەتی جەنگ دەکات ئێمە لێرەدا جارێکی تر بە ڕوونی دەڵێین، لەوانەیە ئێوە وەک فەرمانڕەوایەک ئاسوودە بن، بەڵام ڕاستە کە ئێمە بێزارین لە شەڕەکەت. نەک تەنها ئێمە خەڵک بێزارن، چونکە جەنگ خەڵکەکەمان ئازار دەدات."
ناوبراو دەشڵێت: "لەوانەیە ئاسوودە بیت، بەڵام ئێمە بێزارین لە ڕشتنی خوێنی گەنجان، ئێمە جارێکی تر دەڵێین، ئێمە لە دژایەتی کردنی شەڕ ناوەستین ئێمە هەمیشە دژایەتی شەڕی ئێوە دەکەین، هەمیشە ئاشتی دەپارێزین، کەواتە ئەمە باش بزانە".
Your Comment