بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دامەزراوەی میدیایی درەو لە ڕاپۆرتێکدا دۆخی سەرچاوە نەوتییەکان و ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی لە هەریەک لە ناوچەکانی ژێر کونترۆڵی دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان واتا یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لێکداوەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان یەدەگی نەوتی پارێزگای سلێمانی بە زیاتر لە 36 ملیار بەرمیل و بە 65%ی زیاتری کۆی یەدەگی نەوتی هەرێم دەخەمڵێندرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆی 9 بلۆک کە گەیشتوون بە قۆناغی بەرهەمهێنان لە دەڤەری سەوز، تەنیا 7.3% بەرهەمی نەوتی هەرێم پێکدەهێنن.
یەکەم؛ یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان و پشکی پارێزگای سلێمانی تێیدا
زانیاری جیاواز بەردەستە لە بارەی بڕ و قەبارەی یەدەگی نەوتی هەرێم، بەڵام زانیارییە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2010ەوە ئاماژە بەوە دەدەن کە بە 45 ملیار بەرمیلی خەمڵێنراو لە نەوتی یەدەگ لە هەرێمی کوردستاندایە، ئەم ژمارەیەش لە سایتی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاو کراوەتەوە.
هەر لەم بارەیەوە وەزیری پێشووی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشتی هەورامی لە 19ی ئابی 2010 لە ته‌لاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، لە کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت یه‌ده‌گی نه‌وت له هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند؛ "45 ملیار به‌رمیل نه‌وت له‌هه‌رێمی کوردستان هه‌یه".
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان کە لە ساڵی 2015دا بڵاوکراوەتەوەو تێدا هاتووە "هەرێمی کوردستان خاوەن 50 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی جێگیر و 80 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی ناجێگیرە".
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان یەدەگی نەوتی پارێزگای سلێمانی بە زیاتر لە 36 ملیار بەرمیل و بە 65%ی زیاتری کۆی یەدەگی نەوتی هەرێم دەخەمڵێندرێت.
دووەم؛ بلۆکە نەوتییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان
لەکۆی 57 بلۆکی کانزایی نەوت و گاز، 23 بلۆکی نەوتی کە 1 بلۆکیان هیچ وەبەرهێنانێکی تێدا نەکراوە، جگە لە 2 بلۆکی گازی، دەکەونە سنوری ناوچەی سەوزەوە لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، کە 13 کۆمپانیای بیانی کاری پشکنین و گەڕان و هەڵکەندن بەرهەمێنانی نەوت دەکەن جگە لە گاز، ناسنامەی کۆمپانیاکان دەگەڕێتەو بۆ 7 جیاوازی هەریەک لە ئەمریکا، روسیا، کەنەدا، تورکیا، کۆریا، ئیسپانیا، ئوسترالیا و ئیتاڵیا. بەم شێوەیە.
1. بلۆکی بێتواته: لەپارێزگای سلێمانی، له شارۆچکه‌ی حاجیاواوه ده‌ست پێده‌کات و تا ده‌گاته شارۆچکه‌ی بێتواته و بالیسان و ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی و ڕووبه‌ره‌که‌ی 650 کیلۆمه‌تر دووجایە. 80%ی پشکه‌کانی دراوه‌ته کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبایلی ئه‌مریکی و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
2. بلۆکی شه‌کرۆک: لەپارێزگای سلێمانی، له ناحیه‌ی خدرانی دوکانه‌وه ده‌ست پێده‌کات نا نزیک شه‌قڵاوه ڕووبه‌ره‌که‌ی 418 کیلۆمه‌تر دووجایه. پشکی 64% دراوه‌ته کۆمپانیای هیسس و 16% بۆ پیترۆسیڵتیک و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
3. بلۆکی قه‌ڵادزێ: لەپارێزگای سلێمانی، سه‌رجه‌م قه‌زای قه‌ڵادزێ و به‌ری مه‌رگه‌و ده‌ریاچه‌ی دوکان و ڕانیه ده‌گرێته‌وه نزیکه‌ی 2000 کیلۆمه‌تر دووجایه. پشکی 80%دراوه‌ته کۆمپانیای ڕیپسۆڵ و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
4. بلۆکی خه‌له‌کان: لەپارێزگای سلێمانی، شارۆچکه‌ی خه‌له‌کان و چیای هه‌یبه‌ت سوڵتان و به شێک له ده‌شتی کۆیه تا سه‌ر زێ ی بچوک ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ری 624 کیلۆ مه‌تر دووجایه بڕی 2.450 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشکی کۆمپانیاکان گاز پڵەس 40% تورکش ئینتیتی 40% و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
5. بلۆکی پیره‌مه‌گرون: لەپارێزگای سلێمانی، ڕۆژهه‌ڵاتی ڕێگای دووکان –سلێمانی و بناری چیای پیره مه‌گرون تاده‌گاته شارۆچکه‌ی دوکان ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ره‌که‌ی زیاتر له 730 کیلۆمه‌تر دووجایه. پشکی 80% دراوه‌ته کۆمپانیای ڕیپسۆڵ و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
6. بلۆکی میران: لەپارێزگای سلێمانی، لهتاسلوجهوه ده‌ست پێده‌کات ڕۆژئاوای ڕێگای دووکان –سلێمانی و به شێک له ناحیه‌ی ئاغجهلهرو شارۆچکه‌ی بازیان و سه‌یرانگای چه‌می ڕه‌زان ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌که‌ی 1015 کیلۆمه‌تر دووجایه و دوو کێڵگه‌ی گه‌وره‌ی تێدایه میران ڕۆژهه‌ڵات بڕی 1.637 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدا دۆزراوه‌ته‌وه. پشکی کۆمپانیاکان بڕی 75% دراوه‌ته گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی تورکی و 25%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
7. بلۆکی بازیان: لەپارێزگای سلێمانی، چیای سه‌گرمه‌و خۆراوای حه‌وزی بازیان و شارۆچکه‌ی ته‌کێ و به شێک له ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ری قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ری 473 کیلۆمه‌تر دووجایه، بڕی نه‌وتی یه‌ده‌گی 1.178 ملیار به‌رمیله. پشکی کۆمپانیاکان که‌ی ئێن ئۆ سی کۆری 80% و20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
8. بلۆکی باکوری سه‌نگاو: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌که‌وێته باکوری ناحیه‌ی سه‌نگاو له قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ، ڕووبه‌ری 492 کیلۆ مه‌تر دووجا ده‌گرێته‌وه و به‌پێ ی زانیارییەکان بڕی 6.163 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشکی ئه‌م بلۆکه سهتهر لینگ ئینه‌رجی ئه‌مریکی 40% و ئه‌داکس هاوبه‌شی که‌نه‌دی و سویسری 20%و20% که‌ی ئێن ئۆ سی کۆری و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
9. بلۆکی تۆپخانه: لە ناوچەی گەرمیان، ڕۆژهه‌ڵاتی ناحیه‌ی قادرکه‌ره‌م و ناوچه‌ی جه‌باری ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ری 945 کیلۆ مه‌تر دووجایه، بەپێی زانیارییەکان بڕی 4 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایە سه‌ره‌ڕای بڕێکی زۆری گاز. لە ناوچەی گەرمیان، پشکه‌کانی 60% دراوه‌ته تالیسمان ئینه‌رجی که‌نه‌دی و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 20% ماوەتەوە بۆ لایەنێکی تر.
10. بلۆکی تازه: لە ناوچەی گەرمیان، به‌شێک له سنووری ناحیه‌ی نه‌وجول و خۆرئاوای ناحیه‌ی قادرکه‌ره‌م ده‌گرێته‌وه، ڕووبه‌ره‌که‌ی 700 کیلۆمه‌تر دووجایه، پێشبینی بڕی 3 ملیار یه‌ده‌گی نه‌وت و بڕێکی زۆر گاز ده‌کرێت. پشکی 60% دراوه‌ته کۆمپانیای ئۆیڵ سێرچی ئوسترالی و پشکی 20% دراوه‌ته تۆتاڵی فه‌ڕه‌نسی و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
11. بلۆکی په‌ڵکانه: لە ناوچەی گەرمیان، قه‌زای دووزخورماتو ناحیه‌ی جه‌باره و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و قه‌زایه ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ره‌که‌ی 529 کیلۆ مه‌تر دووجایه، بڕی 1.58 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشکی 60% دراوه‌ته کۆمپانیای شاماران پیترۆلیۆم و 20% پشکی پیت ئۆیڵی تورکیه و20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
12. پێنجوێن: لەپارێزگای سلێمانی، ناوەندی لە ناوەندی شاری پێنجوێنەوە درێژدەبێتەوە تا سنوری وڵاتی ئێران و جێگەی ئاماژەیە تا ئێستا هیچ وەبەرهێنانێک لەم بلۆکەدا نەکراوە.
13. بلۆکی ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ربه‌ت: لەپارێزگای سلێمانی، ناوچه‌ی سیوه‌یل و به‌رزنجه‌و به شێک له شارەزوورو تا ناحیه‌ی ناڵپارێز له قه زای پێنجوێن ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌که‌ی نزیکه‌ی 700 کیلۆمه‌تر دووجایه. 80%ی پشکه‌کانی دراوه‌ته کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبایلی ئه‌مریکی و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
14. بلۆکی عه‌ربه‌ت: شاری سلێمانی و شاخی گۆیژه‌و ئهزمڕو ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت تا هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ره‌که‌ی 974 کیلۆمه‌تر دووجایه، بڕی 1.177 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشکی کۆمپانیاکان شاماران پیترۆلیۆم 60% و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 20% ماوەتەوە بۆ لایەنێکی تر.
15. بلۆکی به‌رانان: لەپارێزگای سلێمانی، باشوری خۆرهه‌ڵاتی شاری سلێمانی و چیای به‌رانان ده‌گرێته‌وه تا ده‌گاته ده‌ریاچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان و ڕووبه‌ره‌که‌ی 722 کیلۆمه‌تر دووجایه. پشکی کۆمپانیاکان تالیسمانی که‌نه‌دی 60% کۆمپانیای مورفی 20% و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
16. بلۆکی قه‌ره‌داغ: لەپارێزگای سلێمانی، ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و خۆرهه‌ڵاتی چیای سه‌گرمه و ڕۆژ ئاوای ڕووباری سیروان ده‌گرێته‌وه تا ده‌گاته ده‌ربه‌ندیخان و ڕووبه‌ری ئه‌م بلۆکه 846 کیلۆمه‌تر دووجایه، به پێی ڕاپۆرتی سکۆتیا کاپیتاڵ بڕی 4.896 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی تێدایه. 80%ی پشکه‌کانی درا بە کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبایلی ئه‌مریکی و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
17. بلۆکی باشوری سه‌نگاو: لە ناوچەی گەرمیان، سه‌نته‌ری ناحیه‌ی سه‌نگاو و ده‌وروبه‌ری ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ری 846 کیلۆ مه‌تر دووجایه پێشبینی یه‌ده‌گی 2 ملیار به‌رمیل نه‌وت ده‌کرێت و بڕی یه‌ک تریلیۆن مه‌تر سێجا گازی سروشتی تێدایه. پشکی 60%ی دراوه‌ته که‌ی ئێن ئۆ سیی و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە. 20% ماوەتەوە بۆ لایەنێکی تر.
18. بلۆکی کورده‌میر: لە ناوچەی گەرمیان، خوارووی ناحیه‌ی سه‌نگاو و باکوری قه‌زای که‌لار ده‌گرێته‌وه و تا سه‌ر ڕووباری سیروان و ڕووبه‌ره‌که‌ی 620 کیلۆمه‌تر دووجایه وبڕی 5.129 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی تێدایه. پشکی 40%ی دراوه‌ته ویسترۆن زاگرۆسی که‌نه‌دی و 40%ی پشکی تالیسمان ئێنێرجی و 20%ی پشکی کیپکۆی حکوومەتی هەرێم کوردستانە.
19. بلۆکی گه‌رمیان: باکوری قه‌زای که‌لارو ناحیه‌کانی باوه‌نورو سه‌رقه‌ڵاو شێخ ته‌ویل ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌که‌ی 2120 کیلۆمه‌تر دووجایه، بڕی زیاتر له 4 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. پشکی 40%ی کۆمپانیای گاز پرۆم له کۆمپانیای تالیسمانی کڕیوه و پشکی 40%ی دراوه‌ته کۆمپانیای ویسترۆن زاگرۆس و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
20. بلۆکی شاکه‌ل: لە ناوچەی گەرمیان، خواروی قه‌زای که‌لار و ناحیه‌ی ڕزگاری و قه‌زای کفری ده‌گرێته‌وه ڕووبه‌ره‌که‌ی 832 کیلۆمه‌تر دووجایه، نزیکه‌ی 2 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گی تێدایه. پشکی 80%ی کۆمپانیای گاز پرۆم و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
21. بلۆکی چیا سورخ: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌که‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری سیروان و ناحیه‌کانی قۆره‌توو مه‌یدان له قه‌زای خانه‌قین ده‌گرێته‌وه تا سنوری ئێران و ڕووبه‌ری 938 کیلۆمه‌تر دووجایه و به پێی ڕاپۆرتی سکۆتیا کاپیتاڵ بڕی 5.656 ملیار به‌رمیل نه‌وتی تێدایه. لە ناوچەی گەرمیان، کۆمپانیای گه‌نه‌ڵ ئێنێرجی تورکی 60% پشکه‌کانی له کۆمپانیای لۆنگفۆرد ئێنێرجی کڕیوه و پیت ئۆیڵ خاوه‌نی 20%ی پشکه‌کانه‌و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
22. بلۆکی قه‌ره‌هه‌نجیر: لە ناوچەی گەرمیان، ده‌که‌وێته نێوان چه‌مچه‌ماڵ و که‌رکوکه‌وه، ناوچه‌ی شوان و ناحیه‌ی قهرهههنجیرو ناحیه‌ی ته‌کێی جه‌باری ده‌گرێته‌وه و ڕووبه‌ره‌که‌ی نزیکه‌ی 1200 کیلۆمهتردووجایه، پێشبینی بڕی 5 بۆ 10 ملیار به‌رمیل نه‌وت ده‌کرێت. 80%ی پشکه‌کانی درا بە کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبایلی ئه‌مریکی و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
23. بلۆکی هه‌ڵه‌بجه: لەپارێزگای سلێمانی، ده‌که‌وێته سنوری قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیده‌وه و ڕووبه‌ره‌که‌ی نزیکه‌ی 1000 کیلۆمه‌تر دووجایه‌و ناحیه‌کانی خورماڵ و سیروان و بیاره‌و گڵێجاڵ وسه‌نته‌ری قه‌زای هه‌ڵه‌بجه‌و به‌شێکی سیدسادق ده‌گرێته‌وه بڕی 650 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خەمڵێندراوی تێدایە. 80%ی پشکه‌کانی درا بە کۆمپانیای گاز پرۆم و 20%ی پشکی کیپکۆی حکومەتی هەرێم کوردستانە.
سێیەم؛ بلۆکە نەوتییە بەرهەمهێنەرەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان
بەپێی زانیارییەکان لە هەرێمی کوردستاندا تەنها 9 بلۆکی نەوتی لە قۆناغی بەرهەمهێناندان. کە 7 بلۆکیان دەکەونە پارێزگای هەلێرەوە و رێژەی 92.7% هەموو بەرهەمی نەوتی هەرێم پێک دەهێنن.
تەنها 1 بلۆکی بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان هەیە ئەویش بلۆکی گەرمیانە کە بەرهەمی ڕۆژانەی بە پێی دوا ئامارەکان بریتییە لە 24 هەزار بەرمیل نەوت.
جگە لە بلۆکی گەرمیان بلۆکی تەقتەق کە لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای هەولێرە بەڵام لە ژێر قەڵەمڕەوی دەسەڵاتدارانی پارێزگای سلێمانیە، ئەم بلۆکە لە کۆتایی ٢٠٢٠ دا ئاستی بەرهەمێنانی بریتی بووە لە ٨ هەزار و ٥٨٠ بەرمیل نەوت، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٥ بەرهەمی رۆژانەی ١٢٨ هەزار بەرمیل زیاتر بووە، ئەم دوو بلۆکەی ناوچەی کۆیە و گەرمیان تێکڕا ڕێژەی ٧،٣% ی بەرهەمی هەرێم پێک دەهێنن.
Your Comment