سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەر عوسمان کاڤاڵادا سەپێندرا

بەشی تورکیا- عوسمان کاڤاڵا بە تۆمەتی وەستانەوە دژی حکوومەتی تورکیا زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دادگەی 13ی سزا قورسەکانی ئیستەنبووڵ لە کەیسی خۆپێشاندانەکانی گەزی، سزای بەندکردنی هەتاهەتایی بەسەر عوسمان کاڤاڵادا سەپاند.

عوسمان کاڤاڵا، کە لە نێو 17 تۆمەتباردا تەنیا ئەو دەستبەسەرە، لەڕێی سیستمی دەنگ و رەنگەوە بەشداری لە دانیشتنی دادگەییەکەدا کرد. هەروەها حەوت لە تۆمەتبارەکانی دیکە لە هۆڵی دادگەییدا ئامادەبوون.

ئایشە بوغرا، هاوژینی کاڤاڵا و ئۆزگور ئۆزەل، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە و ژمارەیەکی زۆر لە رۆژنامەڤان و کۆنسوڵی وڵاتان ئامادەی دادگەییەکە بوون.

رۆژی هەینیی رابردوو تۆمەتباران بەرگرینامەیان لێوەرگیرابوو. هەروەها ئەمڕۆ دووشەممە 25-4-2022 پارێزەرانیان بەرگرینامەیان پێشکێش کرد و دواتریش بڕیاری دادگە خوێنرایەوە.

دادگە لە کەیسی "وەستانەوە دژی حکوومەت" سزای قورسکراوی زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر عوسمان کاڤاڵادا سەپاند، ئەمە لەکاتێکدایە کاڤاڵا لە کەیسی سیخوڕیکردن بێ تاوان دەرچوو. لە سزاکەدا هیچ کەمکردنەوەیەک بۆ کاڤاڵا نەکرا.

کاڤاڵا لەبارەی دوابڕیاری دادگە گوتی: "ئەو تۆمەتانەی بۆ من هەڵبەستراون، هەڵمەتێکی بکوژانە و بەکارهێنانی دادگەیە لە دژم. لەکاتێکدا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەست نییە، داواکاری بۆ زیندانیی هەتاهەتایی یاسایی نییە".

News Code 5825

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha