بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتاری کوردی HDP دەرچوو

بەشی تورکیا- بڕیاری دەستگیرکردن بۆ پەرلەمانتارێکی کوردی پارتی دیموکراتی گەلان دەرچوو، کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە پەرلەمانی تورکیا پارێزبەندی لێ وەرگیرایەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، داواکاری گشتیی ئەنقەرە رۆژی پێنجشەممە 24ی ئاداری 2022 به‌ تۆمه‌تی "ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی"دا، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی ئامەد دەرکرد.

سەمرا گوزەل، رۆژی سێشەممە 1ی ئاداری 2022 لە پەرلەمانی تورکیادا بە دەنگی بەڵێی 131 پەرلەمانتاری، ئاکپارتی، مەهەپە، ئیی پارتی و جەهەپە پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیرا. تەنیا 52 پەرلەمانتاری هەدەپە بە نەخێر دەنگیان دا.

ساروهان ئۆڵوچ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا بۆ ماوەی سێ کاژێر گوتاری پێشکێشکرد، بەرگریی لە سەمرا گوزەل کرد و باسی قۆناخی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و چۆنیەتی تێکچوونی پرۆسەکەی کرد. جەختی لەوە کردەوە ئەو وێنانەی سەمرا گوزەل کە نزیکەی حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەری گیراون، لەلایەن هاوپەیمانیی جمهوورەوە بەمەبەست دزەیان پێکراوە.

پێشتر لەسەر داوای سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی لە ئەنقەرە، دۆسیەیەک لە دژی سەمرا گوزەل، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە رێگەی وەزارەتی داد، پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرا و داوای لێسەندنەوەی پارێزبەندیی کرا بۆ دادگاییکردنی.

وەک لە دۆسیەکەدا هاتووە: "سەمرا گوزەل خۆشەویستی گەریلایەکی پەکەکە بووە بەناوی ڤۆلکان بۆرا. لەنێو حەشارگەکانی پەکەکە چەندین وێنەیان پێکەوە هەبووە".

ڤۆلکان بۆرا، ئەو چەکدارەی پەکەکە کە وێنەی لەگەڵ سەمرا گوزەل گرتووە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، لە ساڵی 2017 کوژرابوو و تەرمەکەی کەوتبووە دەست هێزەکانی تورکیا. له‌ ئه‌نجامی پشكنینی مۆبایلەکەیدا ژمارەیەک وێنە دۆزراونەوە.

وێنەی سەمرا گوزەل لەگەڵ ڤۆلکان بۆرا، کە پێشتر دەزگیرانی بووە، وەک بەڵگەی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە ئاماژەی پێدراوە. ئەو وێنەیە لە ساڵانی 2013 - 2015 دا گیراوە کاتێک ئاگربەست لە نێوان پەکەکە و تورکیا راگەیێندرابوو و پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەچوو.

News Code 5532

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha