بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد حه‌كیم وته‌بێژى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى ڕایگه‌یاند، له‌م ڕۆژانه‌دا کە خەڵكی خۆشی دەرئەبرن، بە جلی رەنگا و رەنگەوە دەچنە دەرەوە، سەیران دەكەن، ئاهەنگ دەگێڕن، ڕەنگبێت دەسەڵاتدارانی هەرێم لێكدانەوە و خوێندنەوەی ئەوەیان بۆی هەبێت كە شكور میللەت مورتاحە و گرفتی نیە و شام شەریفە و وڵات شەفافە و خەڵكی تێرە و برسی نیە و و هەموو پارەی هەیە و هیچ گرفت نیە.
ناوبراو ده‌ڵێت" دروست ئەوەیە كە خەڵك بە درێژایی ساڵ لە نەهامەتی و ناخۆشی و دەردەسەری و لەنێو هەزار و یەك معاناتا ئەژی كە ئەم دەسەڵاتە بۆی هێناوەتە بەرهەم، خەڵك دەرچەیەكی نیە بۆ پشوودان و حەسانەوە و خۆشی وەرگرتن، ئەو خەڵكە جگە لەم ڕۆژانە نەبێت كە وەك هۆكارێك دێتە پێش بۆی پشوویەك بە جەستەو ناخی بدات كە بە درێژایی ساڵ بەدەست ئەو هەزارو یەك قەیران و نەهامەتییەوە ماندوو بووە.
وته‌بێژى كۆمه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، ئەو لێكدانەوەی دەسەڵاتداران كاتێك لەجێی خۆی بوو كە هیچ نەبێت مووچە لە کاتی خۆی و لە ساڵێكدا هاووڵاتی ئەم هەرێمە، خێزان لەم كۆمەڵگەیەدا بیتوانیبا بچێتە دەرەوەی وڵات، پشوویەك وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئەو نەهامەتی و هەزارو یەك قەیرانەوە كە بەتایبەتی ئەم كابینەیە بۆ میللەتی هێناوەتە بەرهەم، خەڵك بە زەحمەت فریای ژیانی خۆیشی ئەكەوێت چ جای ئەوەی وەك هاووڵاتی وڵاتانی دیكە گەشت و سەیرانی ئاسایی هەبێت.
ناوبراو باس له‌وه‌ش ده‌كات، خەڵك لە مەملەكەتی ئێمە خەریكی ڕاكە ڕاكە بۆ ئەوەی ئاسایی بژی، چونكە ئەگەر یەك هۆكاری هەبێت بۆ دەستخستنی داهات، حكومەت دە هۆكاری بۆ دروستكردووە بۆ رووتانەوەو وەرگرتنی باج لێی.
ئه‌گه‌رچى حكومه‌ت به 50 رۆژ یه‌ك مووچه‌ى دابه‌شكرد به‌ڵام مووچه‌ى خانه‌نشینانى به‌شێوه‌یه‌ك دابه‌شكرد له‌كاتى وه‌رگرتنى مووچه‌ى خانه‌نشینى دوو هاووڵاتى گیانیان له‌ده‌ستدا.
Your Comment