لە هەڵەبجە تیمێک لەباشترین پزیشکانی ئێران چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی  دەکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، تیمێک لەباشترین پزیشکانی ئێران هێنراونەتە پارێزگاکە و لەم کاتەدا چارەسەری بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپێس، ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ خه‌ندان باسی لە ڕەوشی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە کرد و رایگه‌یاند، دۆخی تەندروستی، خزمەتگوزاری، شارەوانی و هەموو کەرتەکانی دیکەی هەڵەبجە دەتوانرێت بوترێت کە تەنها لەسەر کاغەز بوە بە پارێزگا، چونکە بۆ نمونە بودجەی تەندروستی هەڵەبجە کاتێک قەزا بو لەگەڵ ئێستا کە پارێزگایە هەمان بودجەیە، لەکاتێکدا کاتێک تۆ دەبیتە پارێزگا خەڵک داخوازی زیاتر هەیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، وەک کەرتی تەندروستی یەکێک لە کێشەکانیان ئەوەیە نەخۆشخانە گرنگەکانیان بودجەی راییکردنی کاروبارەکان "نەسریە"یان نیە، هەروەها بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگاکەش بەشی تەنها سوتەمەنی و ئیفادیش ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدراوە هەڵەبجە گەشە و ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێت بۆیە لە سێ ساڵی رابردودا دو نەخۆشخانە و سێ هۆڵی فریاکەوتن کراونەتەوە کە سەرجەمیان بە هەوڵی رێکخراوەکان و کەسایەتییەکان بونیادنراون.

ئازاد مستەفا لەبارەی چارەسەری بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییش وتی، لەماوەی رابردودا لەهەردو لایەنی دارایی و تەندروستی رەزامەندی وەرگیرا بۆ ئەوەی 53 کەس بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بنێردرێنەوە دەرەوەی وڵات بەمەبەستی چارەسەرکردنیان، بەڵام بەجۆرێک هەوڵ دەدرێت چارەسەریش لەناوخۆدا لاواز و کەم بایەخ نیشان بدرێت، چونکە لەم کاتەدا ژمارەیەک لە باشترین پزیشکانی ئێران لە نەخۆشییەکانی چاو و هەناسە لە هەڵەبجەن و بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی دەبینن و چارەسەریان بۆ دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیای جێبەجێکار بەفەرمی رادەستی حکوومەتی نەکردوە بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانی، بەڵام تەندروستی هەڵەبجە نەخۆشخانەکەی وەرگرتووە و لەئێستادا بەکاریدەهێنێت ئەویش بەئامانجی ئەوەبوو کە چیتر بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی بەبێ شوێنێک نەمێننەوە کە چارەسەری تێدا وەربگرن، لەم کاتەشدا زۆرینەی کاروبارەکانی ئەم نەخۆشخانەیە بەهاوکاریی حکوومەتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و لەرێگەی رێکخراوەکانیانەوە ئەنجام دەدرێن.

News Code 5454

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha