بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەپێناو یەکخستنی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی شەقام، کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەری بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر و لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
پاش کۆبوونەوەکە، شاسوار عەبدولواحید لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "پێویستە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ هەموو ئەگەرێک خۆیان ئامادەبکەن و پێویستە هەموو هێزەکان و خەڵکە ناڕازییەکان یەکبگرین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆخی پارتی و یەکێتی وەک ئەو نەخۆشە وایە کە پزیشک ئیزنی داوە و خۆی بێ ئاگایە"، دەشڵێت، "ئەگەر پارتی و یەکێتی لەسەر ئەم ڕێگایە بڕۆن خەڵک لایاندەبەن وەک چۆن سەدامیان لابرد."
شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دانیشتنمان لەگەڵ یەکگرتوو و کۆمەڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنە."
لە چەند رۆژی رابردووشدا، لەپێناو یەکخستنی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن و دەنگی شەقام شاسوار عەبدولواحید سەردانی ئەمینداری یەکگرتووی کرد.
لەبارەی یادی کیمیابارانی هەڵەبجەشەوە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، "دەبێت هەڵەبجە ٣٦٤ رۆژی ساڵ خزمەت بکرێت و لە ١٦ی ٣دا ئەو خزمەتانە دەربخرێت."
Your Comment