سووتانی ده‌غڵودانی جووتیارانی سووریا 26 کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌وه‌

به‌شی سووریا- سووتاندنی به‌رده‌وامیی ده‌غڵودانی جووتیارانی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له‌ باکووری سووریا 26 کوژراو و برینداری لێکه‌وته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌هۆی سووتاندنی به‌رده‌وامیی ده‌غڵودانی جووتیارانی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له‌ باکووری سووریا 9 که‌س کوژران و 17ی دیکه‌ش بریندار بوون.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌باره‌ی سووتاندنی ده‌غڵودانی جووتیارانی سووریا ده‌ست که‌وتووه،‌ ڕۆژی ڕابردوو ئاگرێکی گه‌وره‌ له‌ ده‌غڵودانی وه‌رزێڕی گونده‌کانی "تل علو" و "گره‌ فاتی"ی سه‌ر به‌ ته‌ل کۆچه‌ر به‌ر بووه‌ که‌ له‌م ئاگرکه‌وتنه‌وه‌دا 3 ئه‌ندامی سوپای دیموکرات و هێزی ئاسایشی سووریا گیانیان له‌ده‌ست دا‌ که‌ هه‌وڵی کوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌که‌یان ده‌دا.

له‌ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ی ڕابردوودا سووتاندنی ده‌غڵودانی جووتیارانی سووریا درێژه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی ئاگادار گرووپی تیرۆریستیی داعش به‌ به‌رپرسی سووتاندنی کێڵگه‌ی گه‌نمی جووتیاران ده‌زانن.

شایانی باسه‌؛ پێش له‌ ده‌ست پێکردنی ئه‌م ئاگرکه‌وتنانه‌ موناقه‌شه‌یێک له‌ نێوان کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا له‌سه‌ر کڕینی گه‌نمی باکووری سووریا دروست بووبوو. دواتر ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا مه‌یلی خۆی بۆ کڕینی گه‌نمی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد به‌ نرخێکی خوارتر ڕاگه‌یاند و به‌رپرسانی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریاش ڕێگرییان له‌ فرۆشتنی گه‌نم به‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا کردبوو.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی دیوار

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54391

Your Comment

You are replying to: .
captcha