کوردپرێس:
وەزارەتی داراییی عێراق لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند ڕۆژی یەکشەمە 16ی حوزەیرانی 2019 گرێبەستێکی هاوکاری لە نێوان وەزارەتی داراییی عێراق و باڵوێزخانەی ژاپۆن بە نوێنەرایەتی لە وڵاتەکەی واژۆ کرا کە بە پێی گرێبەستەکە بڕیارە ژاپۆن بڕی یەک ملیار دۆلار قەرز بە عێراق بدات.
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی داراییی عێراقدا نووسراوە بە پشتبەستن بە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق و بەو پێیەی وەزیری دارایی دەسەڵاتی ئەوەی هەیە گرێبەستی قەرزی بانکی واژۆ بکات فواد حسێن وەزیری داراییی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ باڵوێزخانەی ژاپۆن لە بەغدا واژۆ کردووە کە نوێنەری هاکارییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتی ژاپۆنە و بەو پێیەش ژاپۆن بڕی یەک ملیار دۆلار قەرز بە عێراق دەدات.
هەر لە بەیاننامەکەدا ڕوون کراوەتەوە کە بڕی 110 ملیار یەنی ژاپۆنی بەرانبەر بە یەک ملیار دۆلار قەرز بە عێراق دەدرێت و دانەوەی قەرزەکەش تا 40 ساڵی داهاتوو دەبێت. لە دەساڵی یەکەمیشدا هیچ بڕە پارەیێک لە عێراق وەرناگیرێت بەڵکوو لە سی ساڵی داهاتوودا قەرزەکە وەردەگیرێتەوە و هەر 6 مانگ جارێ بڕی دیاریکراوی قەرز بە 0.2 لە سەدی سوود وەردەگیرێتەوە.
گرێبەستەکەی نێوان عێراق و ژاپۆن لە کاتێکدایە کە ماڵپەڕی وۆلد پۆپلەشن ڕیڤیوی ئەمریكایی لە ڕاپۆرتێكدا پێنج وڵاتی بە قەرزدارترین وڵاتانی جیهان دیاری كرد و بەپێی ڕاپۆرتەكە، ژاپۆن كە ژمارەی دانیشتووانەكەی 127.185.322 كەسە پلەی یەكەمی گرتووە لە قەرزی نیشتمانیدا لە جیهاندا، كە ڕێژەی 235.96%ە ئەمە سەرباری ئەوەی ژاپۆن یەكێك لە گەورەترین ئابوورییەكانی جیهانە.
Your Comment