کوردپرێس:
نووسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەمە 12ی حوزەیرانی 2019 عادل عەبدولمەهدی لە بەغدا پێشوازیی لە یۆسف بین عەلەوی وەزیری دەرەوەی وڵاتی عەمان کردووە.
لە دیداری نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی وڵاتی عەماندا کۆمەڵێک پرسی ئابووری وەکوو گەشتی ئاسمانیی ڕاستەوخۆی نێوان دوو وڵات و هەروەها پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی هەردوو لا و پێوەندیی بازرگانی و ئابووری تاوتوێ کرا.
بەپێی بەیاننامەکەی نووسینگەی سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق هەر لە دیدارەکەدا عەبدولمەهدی سوپاسی دەوری ئیجابیی مەسقەتی کردووە کە لە ناوچەکەدا بەباشی دەرکەوتووە و هەروەهاش سپاسی عەمانی کرد کە باڵوێزخانەکەی بەغدا کردۆتەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەهاش پێشوازیی لە میانەڕەوی کرد و ڕایگەیاند عێراق بەردەوام دەبێت لە نزیک بوونەوە لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە و چی لە دەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا کە لە ناوچەکە دروست بووە هێور ببێتەوە.
شایانی باسە ماوەیێکە هاتوچۆ دیپڵۆماسییانەکان بۆ ئێران زیادی کردووە و باسی ناوەندگیریی نێوان تاران و واشەنتن دەکرێت و چەندین وڵات ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە کە ببنە ناوەندگیر بۆ ئەوەی تەنگەژە لە ناوچەکە نەمێنێت و هەر لەم مانگەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیارە شاند بنێرنە تاران و واشەنتن و دوێنی چوارشەمە 12ی حوزەیرانیش بە سەردانێکی فەرمی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن گەیشتە تاران و لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران کۆ بوویەوە. سەردانەکەی شینزۆ ئابە لە کاتێکدا بوو کە پێش دوو هەفتە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دیداری کردبوو و دەنگۆی ئەوە بڵاو بووبووەوە کە گوایا پەیامی ئەمریکای پێیە و دەوری ناوەندگیر دەبینێت. بەڵام پاش دیدارەکەی لەگەڵ ڕۆحانی پرێس کونفڕانسێکی کرد و هیچ ئاماژەی بە ناوەندگیریی نێوان ئەو دوو وڵاتە نەکرد.
Your Comment