بەپێی هەواڵی کوردپرێس خولی دووهەمی کونفڕانسی هاوبەشی نێوان زانکۆی کوردستان لە سنە و زانکۆکانی سلێمانی و ڕاپەڕین و سەڵاحەدین لە هەرێمی کوردستان بە بەشداریی توێژەران و خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە کۆنفڕانسەکەدا کە بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی بەڕێوە چوو ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کوردستان ڕایگەیاند ئەو کۆنفڕانسە هاوبەشانە دەرفەتن بۆ کۆ کردنەوە و یەکخستنی دوایین پێشکەوتنە زانستی و ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی نێوان زانکۆکانی کوردستانی ئێران و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆیە هەوڵی بەڕێوە بردنی کۆنفڕانسەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ دوو زانکۆی سەڵاحەدین و ڕاپەڕین داوە.
سەرۆکی زانکۆی کوردستان ئاماژەی بە کرانەوەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە کۆلیژی ئەدەبی زانکۆی کوردستان کرد و ڕایگەیاند ئەو بەشە لە ساڵی 1384وە کراوەتەوە و کۆی 160 خوێندکار لە خۆ دەگرێت و لەگەڵ ئەوە توێژینگەی کوردستانناسی مەکۆی توێژینەوە و کۆڵینەوە لە ئەدەب و مێژوو و فەرهەنگی کوردییە و ئەمانەش دەرفەتن بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و خوێندکار و مامۆستا لە نێوان زانکۆی کوردستانی ئێران زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە پڕۆفیسۆر ئەحمەد پارسا بڕیاردەری زانستیی کۆنفڕانسەکە لە وتاری خۆیدا ئاماژەی بە چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەو کۆنفڕانسە کرد و ڕایگەیاند کۆی 137 وتار لە 44 زانکۆی ئێران و دەرەوەی ئێران گەیشتە نووسینگەی کۆنفڕانس و لەو ژمارەیەش 116 وتار بۆ خوێندنەوە یان پۆستەر پاڵێوران.
پڕۆفیسۆر پارسا ئاماژەی بە خەسارێکی زمانناسانەش کرد و گوتی: ئەمڕۆکە وشەی بێگانەی زۆر هاتۆتە زمانی کوردییەوە و بەداخەوە ناوەندێکی ڕۆشنبیری یان دیپارتمانێکی زمان شک نابەین کە ئەو کەلێنە پڕ بکاتەوە و وشەی شیاو بۆ زمانی کوردی دابتاشێت.
لای خۆیەوە حسێن ئەحمەد نوێنەری زانکۆی ڕاپەڕین لە کۆنفڕانسی زمان و ئەدەبی کوردی و فارسی وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرێبەستی هاوکاریی نێوان زانکۆی ڕاپەڕین و زانکۆی کوردستان کرد کە پێش چوار ساڵ واژ کرابوو و ڕایگەیاند ئەو کۆنفڕانسە یەک لە بەرهەمەکانی ڕێککەوتنە واژۆکاروەکانە.
حسێن ئەحمەد گوتیشی پێشتر فەقێ و مەلای حوجرە و مزگەوتەکان خزمەتی زمان و ئەدەبی کوردییان کردووە و ئێستاش زانکۆکان لەسەریانە ببنە مەکۆی گەشەپێدانی زمانەکە و هیوای ئەوەشی خواست لەو کۆنفڕانسەدا بەشێکی خەسارەکانی زمان و ئەدەب بخرێنە ڕوو و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
نوێنەری زانکۆی ڕاپەڕین گۆتیشی دوو زمانی کوردی و فارسی لقوپۆپی یەک دارن و پێشتریش زمانی فارسی و عەرەبی لە حوجرەکان وتراوەتەوە بۆیە زمانێکی ئاشنایە بۆ کوردەکان.
لای خۆیەوە شیروان ساڵح خدر نوێنەری زانکۆی سەڵاحەدینیش وتارێکی پێشکەش کرد و هیوای ئەوەی خواست کۆنفڕانسەکە ببێت بە سەبەبێک بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی زمان و ئەدەبی کوردی.
هەر لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەشدا گرێبەستی هاوکاریی نێوان زانکۆی کوردستانی ئێران و زانکۆی کەرکووک لە هەرێمی کوردستان واژۆ کرا. دوکتور ڕەحمەت سادقی سەرۆکی زانکۆی کوردستان و پڕۆفیسۆر سەباح مووسا عەلی نوێنەری زانکۆی کەرکووک ئەو گرێبەستەیان واژۆ کرد.
پاشان دوکتۆر بەختیار سەجادی، سەرۆکی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستانیش وەکوو وتاربێژی سەرەکی وتارێکی لە سەر خەسارەکانی بەشی کوردی لە زانکۆکانی جیهان پێشکەش کرد و وتی: ئەو بەشانە زیاتر خۆیان بە ئەرشیڤ سازی ئەدەبی کلاسیکەوە سەرقاڵ کردووە و بە شێوەیێکی جیدی ئاوڕ لە شیعری نوێ نادەنەوە تەنانەت ئێستاکەش هەندێ ماموستا لە زانکۆکانن نەک هەر ئاگاداری ڕەوتی ئێستای زمانی کوردی نین بەڵکوو تەنانەت تێشیاندا هەیە کە گۆران و شێرکۆ بێکەسیش بە شاعیر نازانن.
ناوبراو لە درێژەشدا ئاماژەی بە ئەوە کرد کە تا ئێستا یەک بەرهەم لە بەشی کوردی لە سەر شێوازناسیی ئەدەبی کوردی دەرنەچووە و وتیشی: لە باشووردا بە شێوازناسی دەڵێن شێوازگەری کە ئەمە هەڵەیە.
سەجادی لە درێژەشدا باسی دیکەی خەسارەکانی بەشی کوردی لە زانکۆکان کرد و ڕایگەیاند: پێویستە گۆڕانکارییێک لە بەشی زمان و وێژەی کوردی بێتە ئاراوە و شێوەی لێکۆڵینەوەکان بگۆڕدرێ.
پاش کۆتایی هاتنی ڕێوڕەسمی دەسپێک، پەنێلە زانستییەکان لە دوو هۆڵی مەستوورەی ئەردەڵان و فیردۆسی و هەروەها ژووری ۱۰۱ دەستی پێ کرد کە لە هەر پەنێل، سێ وتاربێژ و سەرۆک پەنێلێک بەشدار بوون و لە ڕۆژی یەکەم ۱۱ پەنێل و ڕۆژی دووهەمیش سێ پەنێل بەڕێوە چوو.
ڕۆژی دووشەمە پاش کۆتایی هاتنی پەنێلەکان، ۳۰ وتار لە سەر پۆستێر پێشکەش کرا و ڕێوڕەسمی کۆتاییش بە گوتاربێژی پرۆفسۆر ڕەحمەت سادقی و یەدوڵا پەشابادی بەڕێوە چوو.
دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی, بەرپرسی جێبەجێکاری کۆنفڕانسەکە سپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئامادە بووان دەربڕی و هەروەها ڕێز لە گوتاربێژان, خوێندکاران و بەرپرسانی بەڕێوەبەری کۆنفڕانسەکەش گیرا.
شیاوی ئاماژەیە دووهەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی زمان و وێژەی کوردی و فارسی لە لایەن زانکۆی کوردستان و بە هاوکاریی زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی ڕاپەڕین لە زانستگای کوردستان ۱۹ و ۲۰ی جۆزەردان بەڕێوە چوو.
Your Comment