پارتی دیموکرات: جیاوازییەکانمان لەگەڵ ئێران مایەی ئەوە نییە یەکدی موشەکباران بکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگه‌یاند، رەنگە لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی وڵاتەدا ئێمە و ئێرانییەکان هەندێک جیاواز بین. بەڵام ئەم جیاوازییە مایەی ئەوە نییە یەکدی مووشەکباران بکەین.

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ میدیاکانی نزیک له‌ حزبه‌که‌ی راگەیاند: "سەرەتا ئەو کردەوە ترسنۆکانە شەرمەزار دەکەین، لە راستیدا ئەمە کردەوەیەکی ئازایانە نییە. چونکە هیچ پاساوێک بۆ ئەو مووشەکبارانکردنە نییە، ئەگەر ئەوان دژایەتیان لەگەڵ هەر لایەنێک هەیە وەک ئەوەی لە هەندێک شوێن رایانگەیاندووە، ئەوانە دەوڵەتیان هەیە فەرموون دەوڵەتەکان شاراوە نین و لەژێر زەمینیش نین، دەتوانن لەگەڵ ئەوان تاوتوێی خۆیان بکەن و مامەڵەی خۆیان لەگەڵ ئەوان چ بە خۆشی و چ بە ناخۆشی لەگەڵ ئەوان بکەن".

ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، کە لە ئەنجامی ئەو مووشەکبارانە "ئەو خەڵکەی زیانی بەرکەوتووە، خەڵکێکی سڤیلە، هیچ کارێکی نە لە بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی دیکەدا هەیە، نە شتێکی واشیکردووە کە شایەنی ئەوەبێت بەو قەبارە زۆرە مووشەکباران بکرێت".

وتەبێژی پارتی وتیشی: "ئەگەر ملکەچ بوونایە لە بەرامبەر کیمیاباران و ئەنفال و راگواستنی بە زۆر و ئەو هەموو گۆڕە بە کۆمەڵە ملیان کەچ دەکرد، بەڵام هەر ملکەچ نەبوون. کەواتە لە بەرامبەر ئەو مووشەکانەش ملکەچ نابین و بەرەنگار دەبینەوە و خۆمان رادەگرین".

وته‌بێژی پارتی دیوکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە "ئەو خەڵکە لە ئێمە بگات و لە کوردستان تێبگات، ئێمە نە دووژمنی هیچ وڵاتێکین نە دەمانەوێت لەو وڵاتەی ئێمەوە دووژمنایەتی هیچ شوێنێک بکرێت، هەقە رێز لەو بۆچوونە سەردەمیەی ئێمە بگیرێت، لە جیاتی ئەوەی مووشەکمان پێوە بنێن".

بە بڕوای مەحموود محەمەد ئەو هێرشە مووشەکییە "نیشانەیەکی خراپ و ئاماژەیەکی باش نییە، ئەمە ئاماژەیەکە کە دۆستایەتی تێدا ناخوێندرێتەوە. ئەمە ئاماژەیەکە ئەگەر بیانووش بهێننەوە بۆ ئەوەی فڵان شوێنمان خاپوور کردووە، خۆ ئەوان لەمێژە پێیان وتراوە فەرموون با لیژنەیەکی خۆشیان وڵاتانی دیکەش بێن لەو کوردستانە بگەڕێن بزانن ئەوانەی بەدوایاندا دەگەڕێن.. لێرە هەن یان نا؟ دواتر ئەوانەی ئەوان باسیان دەکەن، وڵاتێکیان هەیە و ئاڵایان هەیە و رەنگە هێزی ئەوانیش لەنزیک ئەو وڵاتە هەبێت".

مووشەکبارانکردنەکەی هەولێر لە سەروبەندی گفتوگۆکان بوو بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار، پارتی پێداگرە لەسەر هێشتنەوەی کاندیده‌کەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، له‌و باره‌وه‌ مەحمود محەمەد وتی: "ئێمە ئەو کاندیده‌مان بۆ ئەوە دانه‌ناوه‌ پاشەکشەی پێ بکەین، لە ئەنجامی ئەوەبووە لایەنی دیکەی کوردستانی ئامادەی رێککەوتن نەبوون لەسەر ئەو پۆستە، پێیانوابوو ئەو پۆستە هی کوردە و لە ناو کوردیشدا لەسەر ئەوان تاپۆکراوە".

بە وتەی مەحمود محەمەد، مەسەلەکە، "کەسەکان نییە کە دەبێت فڵان کەس ببێتە سەرۆک کۆمار یان نا، ئێمە کۆی پڕۆسەکەمان پێ هەڵەبوو لەوەی کە ئەمە بەرکەوتەی خەڵکی کوردستانە و دەبێت لەناو کوردستان قسەی لەسەر بکرێت و گفتوگۆی لەسەر بکرێت و لەسەری رێکبکەوین، ئینجا ئەو بابەتە پێشنیاز بکرێت، ئەمەش زیاتر گێڕانەوەی هەیبەتی کوردستانە بۆ دیاریکردنی ئەو پۆستە سیادیەی کە بەریدەکەوێت".

مەحمود محەمەد رەتیدەکاتەوە ئێران داوای لە پارتی کردبێت بۆ ئەوەی کاندیده‌کەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بکێشێتەوە و دەپرسێت، "ئێران بە چ ناوێک داوا لە ئێمە بکات کاندید بکێشنینەوە".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت دوای پێکهێنانی هاوپەیمانیی سێقۆڵی نێوان پارتی و هاوپەیمانیی سەروەری و لایەنی سەدری، مەحمود محەمەد وتی: "لایەنی ئێرانی بەردەوام سەردان دەکەن، ئێستا و پێشووش لە کابینەی پێشووتریش، پەیوەندییەکانی ئێمە وەک کوردستان و بە تایبەتی وەک پارتی لەگەڵ ئێران پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ بووە، هاتوچۆ و گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە هەبووە".

وتیشی: "بەڵام لەوانەیە لە هەندێک شتدا هەموومان وەک یەک بیر نەکەینەوە، لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتەدا لەوانەیە ئێمە و ئێرانییەکان هەندێک جیاواز بین. بەڵام ئەم جیاوازییە مایەی ئەوە نییە یەکدی مووشەکباران بکەین، یان کێشە بۆ یەکدی دروست بکەین. خۆ لەگەڵ لایەنی شیعیش ئەو هاو دیدگاییەیان نییە وەک یەک بیر ناکەنەوە لەسەر مەسەلەی حکومڕانی، لەوانەیە لەگەڵ لایەنی سوننیش ئەوە هەبێت. ئەمە دەربارەی تورکیا و ئوردن و سووریا و کوێت و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان راستە، کە رەنگە لەسەر هەندێک شت دیدگامان لەگەڵ یەک جیاواز بێت. بەڵام ئەو جیاوازیانە هی ئەوە نییە بیکەینە دوژمنایەتی و کێشەی لەسەر دروست بکەین".

News Code 5417

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha