کوردپرێس: رۆژنامەی العربی الجدید بڵاوی کردەوە؛ لەناو بێدەنگییێکی زۆری بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چنگ-ی لەناوی خاکی عێراق دەستپێکردووە و سەرەڕای هێرشی زەمینی و لەشکرکێشی، بە بەردەوامی هێرشی ئاسمانیی ئەنجام دەدات، بەبێئەوەی هیچ کاردانەوەیێکی فەرمی حکوومەت و دەسەڵاتدارانی عێراقی لێکەوتبێتەوە.
رۆژنامەکە لەسەر زاری موقەدەم دڵشاد زێباریی ئەفسەری پێشمەرگەوە بڵاوی کردەوە؛ ناوچەکانی سیدەکان و سۆران و خواکورک و بنگرد و زنجیرە چیای قەندیل و دەوروبەری ئامێدی و زاخۆ، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هێرشی ئاسمانی و زەمینی تورکیا دەستیپێکردوە، هاوشانی ئەوەش سوپای تورکیا زیاتر لە 30 کیلۆمەتر سنووری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانی بەزاندووە و ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجام دەدات.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ ئەو ناوچانەی سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی لێ ئەنجام دەدات چۆڵکراوە لە هێزی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر و تۆپخانە لە هێرشەکاندا بەکاردەهێنرێت.
ئەفسەرەکەی پێشمەرگە رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بەربڵاوترین و فراوانترین هێرشی سەربازییە، لەگەڵئەوەشدا تائێستا هیچ هاوڵاتییێکی مەدەنی نەبووەتە قوربانی، بەهۆی ئەوەی زۆربەی ناوچەکان چۆڵ کراون.
بەپێی زانیارییەکان؛ سوپای تورکیا لە سەربازگەیێک لە نزیک گوندی گرێبی سەر بەناحیەی باتۆفای قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک جێگیربوون و لەوێوە تۆپباران و هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی چەنگی راگەیاند بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی خواکورک بەبەشداری لیوای کۆماندۆ بە پاساوی بوونی پەکەکە لە سنوورەکە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment