کوردپرێس:
ئەمریکا و بەرپرسانی کوردی عێراق وتوویانە ئەو زانیارییانەی نەسرین ئەسەد ئیبراهیم بەرپرسی تۆڕی کەنیزەکانی خەلافەت بەوانی دابوو ستراتێژیی شەڕی گۆڕی و بوو بە هۆکاری زووتر کەوتنی خەلافەتی داعش.
ڕۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا لە زاری بەرپرسانی کوردی عێراق و دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی ئەمریکاوە نووسیی: دەستبەسەرکردنی نەسرین ئیبراهیم ناسراو بە "ئوم سیاف" کە بەرپرسێکی باڵای داعش بوو و زانیاریی زۆری تەسلیمی بەرپرسانی ئەمنیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کرد ئاسانکاری بوو بۆ خێرابوونەوەی کەوتنی ئەو گرووپە تیرۆریستییە.
یەک لەو زانیارییانە ناوبراو تەسلیمی دەزگای هەواڵگریی "سیا"ی کرد شوێنی خۆحەشاردانی ئەبووبەکر بەغدادی بوو لە عێراق. هەروەها ئوم سیاف شوێنی کۆبوونەوە گرینگەکان و مۆڵگە سەرکردە باڵاکانی داعشی ئاشکرا کرد. جارێکیشیان هێندەی نەمابوو ئەو ماڵەی ئەبووبەکر بەغدادی خۆی تێدا حەشار دابوو بە فڕۆکەی ئەمریکی تۆپباران بکرێت بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی بەپاساوی ئەوەی کە ماڵەکە لە گەڕەکێکی قەرەباڵغدایە و خەڵکی مەدەنیی زۆر دەبنە قوربانی، ئەو تۆپبارانەی نەکرد.
هەروەهاش یەک لەو زانیارییانەی بەرپرسی کەنیزەکانی خەلافەت ئاشکرای کردووە ئەوەبوو کەسێکی زۆر نزیکی ئەبووبەکر بەغدادی بەناوی "ئەبوو سیاف" ناسرایەوە و بە وتەی کوردەکان بەرپرسی فرۆشتنی نەوتی داعش لە سووریا بوو کە لەو ڕێگایەوە ڕۆژانە دوو ملوێن دۆلار داهاتیان دەست کەوتووە.
بەرپرسانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانیش وتوویانە لە ڕێگەی ئەو زانیارییانەوە کە ئەو ژنە ئاشکرای کرد ئەبوو سیاف کوژرا و بەڕێوەبەرایەتیی دارایی لە داعشدا کز بوو و لە ئەنجامدا دوا مۆڵگەی داعش لە باغۆزیش کەوت.
نەسرین ئیبراهیم لە ساڵی 2015وە لە سووریا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ هەولێر و لەوێ زانیاریی پێویستی تەسلیمی بەرپرسانی کورد و بەرپرسانی ئەمریکا کردووە. بەوتەی خودی ئوم سیاف، مێردەکەی بەرپرسی کاروباری ئابووریی داعش بووە و بەو هۆیەوە دانیشتن و ئاموشۆی زۆری لەگەڵ بەغدادی بووە هەر بۆیەش زانیاریی باشی لەبارەی شوێنی خۆحەشاردان و شوێنی کۆبوونەوەکانی بەرپرسانی باڵای داعش ئاشکرا کرد.
بەرپرسی کەنیزەکانی خەلافەت گوتبووی ئەبووبەکر بەغدادی زیاتر حەز دەکات لە ناوچەی قائیم و ئەلبوکمالی عێراق بێت چوونکە ئەو ناوچانە زۆر بە ئەمنتر دەزانێت.
ئوم سیاف ئێستا لە هەولێر لە ژێر چاودێریی دەزگا ئەمنییەکانی کوردستاندایە بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی گاردیەن لە دادگایێکدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو حوکمی لەسێدارەدرانی بۆ دەرکراوە.
Your Comment