مه‌حموود عوسمان: هه‌ولێر- به‌غدا لە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا هه‌ڵوێستێکی یه‌کسان وەربگرن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سیاسه‌تمه‌داری کوردی عێراق داوا له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات هه‌ڵوێستێکی یه‌کسان له‌ به‌رانبه‌ر ته‌نگه‌ژه‌ی ئێستای نێوان ئێران و ئه‌مریکا بگرنه‌به‌ر.

کوردپرێس:

ڕۆژی هه‌ینی 24ی ئایاری 2019 مه‌حموود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری کوردی عێراقی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی به‌غداد ئه‌لیه‌ومدا داوای له‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق کرد سیاسه‌تێکی یه‌کهه‌ڵوێست له‌ به‌رانبه‌ر ته‌نگه‌ژه‌ی ئێستای نێوان ئێران- ئه‌مریکا بگرنه‌به‌ر.

ناوبراو زیادی کرد: هه‌رێمی کوردستان به‌شێکه‌ له‌ عێراق و له‌ ئه‌نجامدا ده‌بێ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێکبکه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستێکی یه‌کسان له‌ به‌رانبه‌ر پێکدادان و شه‌ڕی گریمانه‌کراوی نێوان ئێران و ئه‌مریکا بگرنه‌به‌ر.

سیاسه‌تمه‌داری کوردی عێراق جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر شه‌ڕ سه‌رهه‌ڵبدات باشترین هه‌ڵوێست بۆ کورد ئه‌مه‌یه‌ که‌ بێلایه‌ن بێت و پشتیوانی له‌ هیچ لایه‌نێک دژی لایه‌نی دیکه‌ نه‌کات چوونکه‌ کارێکی وا خه‌سار له‌ هه‌رێمی کوردستان -که‌ په‌یوه‌ندییێکی زۆر باشی له‌گه‌ڵ هه‌ردوولا هه‌یه- ‌ده‌دات.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا گوتیشی: بۆ عێراق به‌ هه‌موو ئیتنیکه‌کانییه‌وه‌ باشتر وایه‌ که‌ سێبه‌ری شه‌ڕ له‌سه‌ر خاکه‌که‌ی دوور بکاته‌وه‌ هه‌رچه‌ند ئه‌گه‌ر شه‌ڕ ڕوو بدات ئه‌وا عێراقیش زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت و ده‌بێته‌ ناوه‌ندی پێکدادانی نێوان هه‌ردوولا؛ به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ باشتر وایه‌ ڕێگری بکرێت له‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی و عێراقیش به‌گشتی ببنه‌ ناوه‌ندی پێکدادان یان مه‌یدانی شه‌ڕ.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53897

Your Comment

You are replying to: .
captcha