کوردپرێس:
پاش ئەوەی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق هاتە سەر دەور نێوانی هەولێر و بەغداش ڕووی لە خۆشبوون کرد و گفتوگۆی دوولایەنە ئەنجامی باشی لێدەرچوو کێشە و ململانێکان بەتایبەتی لە مەسەلەی بودجەدا چارەسەر کرا.
بەگوێرەی بڕگەی ج لە مادەی 10ی پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێبەند کراوە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات و لە بەرانبەردا بودجەی دیاریکراو لە بەغداوە بگاتە هەرێم.
لەو یاسایەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەگەر هاتوو تەنانەت حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێبەند نەبوو بە ڕادەستکردنی ڕێژەی دیاریکراوی نەوت، پێویستە بەغدا مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێم نەبڕێت و ئەو مووچەیە پێوەندیی بەو بابەتەوە نییە بەڵام بە هەمان ڕێژەی کە نەوت ڕادەست نەکراوە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی کەم دەکرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بەغدا ماوەی چوارمانگە بەشە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ناردووە بەڵام حکوومەتی هەرێم تا ئێستاش یەک بەرمیل نەوتی ڕادەست نەکردووە. ئەوەش ناڕەزاییی لایەنی عێراقیی لێکەوتۆتەوە.
ئێستا لەبارەی ڕادەستکردن یان نەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا ڕاجیاوازیی لە نێوان کوردەکاندا هەیە.
گوڵزار ڕەشید سەندی بریکاری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە بە تەلەڤزیۆنی کوردستان 24ی وتووە ئەگەر هەرێم پێبەند بێت بە ڕادەستکردنی ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لە بەرانبەردا دەبێت بەغداش پێبەند بێت بە دانەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمدا کار دەکەن چوونکە ئەوە ڕێککەوتنێکی دوولایەنەیە کە دەبێت هەردوولا ئیلتیزام بە پەیمانەکانیانەوە بکەن.
ئەو لێدوانەش لە کاتێکدایە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ژمارەیێک لە نوێنەرە کوردەکان لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی مەترسیی بڕدرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە هۆشدارییان دابوو و وتبوویان ئەگەر هەولێر نەوتەکەی ڕادەست نەکات ئەگەر هەیە بەغدا مووچەی فەرمانبەران ببڕێت.
بەختیار شاوەیس نوێنەری کورد لە پەرلەمانی عێراق یەک لەوانەیە کە دەڵێت پێویستە بابەتەکە خوێندنەوەی وردی بۆ بکرێت و لەو ڕووەوە کە پڕۆژەیاسای بودجەی 2019ی عێراق تەنها تا ساڵی 2020 کاری پێدەکرێت و بابەتەکەش ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە قووتی خەڵکەوە هەیە پێویستە لێی وردتر ببینەوە.
پێشتریش بڵێسە جەبار نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق هۆشداریی ئەوەی دابوو کە ئەگەر بێتوو هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا نەوتەکەی ڕادەست نەکات مەترسیی ئەوە هەیە پەرلەمانی عێراق بەو دەسەڵاتەی هەیەتی دەتوانێت واژۆ کۆ بکاتەوە و جارێکی تر مەسەلەی خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان بخرێتەوە دەنگدان و دوور نییە مووچەکەش ببڕدرێت.
ناوبراو جەختیشی کردبوویەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان پێبەند نەبێت بە ڕادەست کردنی نەوتەکەی، ئەوا بەغداش دەتوانێت لەژێر خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەربچێت و دیسانەوە حکوومەتی هەرێم ناچار بێت مووچەی بەپاشەکەوت بگەڕێنێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق بە کەناڵی "الشرقیە"ی وتووە هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیلەکەی ڕادەستی بەغدا نەکردووە و ئەوەش پێچەوانەی پڕۆژەی یاسای بودجەی 2019یە. بۆیە دوور نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕدرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ئەحمەد حاجی ڕەشد ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتبوو لەو ماوەیەی ڕابردوودا دانیشتنێکی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و لە دانیشتنەکەدا عەبدولمەهدی پێی گوتووە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بە هیچ شێوەیێک نابڕدرێت.
ناوبراو ئاماژەی بە زەروورەتی پێبەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا کرد و گوتیشی بۆ ئەوەیمووچەی فەرمانبەران تووشی کێشە نەبێت یان گرفتێک لەگەڵ بەغدا دروست نەبێت پێویستە هەولێریش پێبەند بە دەقی ڕێککەوتنەکە و مادە یاسایییەکەی بودجەی 2019.
لە دوایین لێدوانەکانیشدا بەهار مەحموود نێونەری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پاش ئەوەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دیداریان کرد ڕایگەیاند بەغدا سەرەڕای ململانێ سیاسییەکان بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
شایانی باسە دەوڵەتی عێراق پاش ئەوەی لەسەر مەسەلەی نەوت نێوانی لەگەڵ هەولێر خراپ بوو بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و ساڵی 2018ش پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵانەی عێراق کە پێشتر 17 لە سەد بوو کەم کرایەوە و بوو بە 12.67 لە سەد و ئەگەرچی بەرپرسانی کورد زۆر ناڕەزایییان دەربڕی بەڵام هەمان 12 لە سەد پەسەند کرا و ناڕەزایییەکانیش ئەنجامیان نەبوو.
ئێستاش مەترسیی ئەوە لە ئارادایە ئەگەر ناکۆکیی نێوماڵی کورد لە سەر مەسەلەی ڕادەستکردن یان نەکردنی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا بەردەوام بێت و هەولێر پێبەند نەبێت بە ناردنی 250 هەزار بەرمیلەکەوە، دەوڵەتی ناوەند و نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق هەڵمەتی جدی بۆ بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەست پێبکەن ئەوەش نەک هەر نێوانی هەولێر و بەغدا تووشی بەستەڵەک دەکاتەوە بەڵکوو دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی لە نێو جەماوەری هەرێمی کوردستانیش و حیزبە سیاسییەکانیش.
Your Comment