سه‌رۆکی CHP په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆکی HDP ئه‌نجام دا

به‌شی تورکیا- سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (CHP) په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) ئه‌نجام دا و بانگهێشت‌نه‌کرانی ناوبراوی بۆ ڕێوڕه‌سمی 19ی مه‌ی به‌ هه‌ڵه‌ وه‌سف کرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 20ی ئایاری 2019 ڕێوڕه‌سمی به‌رزڕاگرتنی سه‌ده‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی ده‌ست‌پێکردنی خه‌باتی نیشتیمانیی تورکیا له‌ حاڵێکدا له‌ سامسۆن به‌ڕێوه‌ چوو که‌ سه‌ره‌ڕای بانگهێشت‌کرانی هه‌ندێک حیزبی بچووک وه‌ک حیزبی وه‌ته‌ن، حیزبی یه‌کێتیی گه‌وره‌ی تورکیا، حیزبی سه‌عاده‌ت و... ئاماده‌نه‌بوونی هه‌ندێک حیزب وه‌ک پارتی دیموکراتی گه‌لان (HDP) وه‌ک سێهه‌مین پارتی گه‌وره‌ی تورکیا و ئیی پارت به‌ شێوه‌یێکی ئاشکرا به‌رچاو بوو.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی CHPوه‌ ده‌ست که‌وتووه‌، به‌ دوای ته‌واوبوونی ڕێوڕه‌سمه‌که‌ که‌ماڵ قلیچدار ئۆغڵۆ سه‌رۆکی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ په‌روین بوڵدان هاوسه‌رۆکی HDP ئه‌نجام دا و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ده‌بوا هه‌موان له‌م جێژنه‌دا ئاماده‌ بوایه‌ن و بانگهێشت‌نه‌کرانی هه‌ده‌په‌ی بۆ ئه‌و جێژنه‌ به‌ هه‌ڵه‌ وه‌سف کرد و گوتی: دڵته‌نگی ئه‌و ڕۆژانه‌ین که‌ به‌ هاوبه‌شی جێژنه‌کانمان به‌ڕێوه‌ ده‌برد. ده‌بێ بۆنه‌ نیشتیمانییه‌کان به‌یه‌که‌وه‌ به‌رز ڕابگرین و یه‌کده‌نگ له‌گه‌ڵ یه‌کتر سه‌رکه‌وتوو ده‌بین.

هه‌روه‌ها له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌دا په‌روین بوڵدان گوتی: ئه‌گه‌ر بانگهێشتی جێژنه‌که‌ بکراباین به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ سامسۆن ئاماده‌ ده‌بووین.

شایانی باسه‌؛ قلیچدارئۆغڵۆ دواتر په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مێرال ئاکشنه‌ر سه‌رۆکی ئیی پارت، گوڵتکین ئۆیسال سه‌رۆکی پارتی دیموکرات و ئه‌رکان باش سه‌رۆکی پارتی کرێکاری تورکیا ئه‌نجام دا که ئه‌وانیش‌ بانگهێشتی ڕێوڕه‌سمه‌که‌ نه‌کرابوون.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53809

Your Comment

You are replying to: .
captcha