به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئایتوون چیرای جێگری ئیی پارتی تورکیا ئاماژه به بابه‌تی به‌قای نیشتیمانی ده‌کات که پێش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 31ی مارچی 2019ی شاره‌وانییه‌کانی تورکیا له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیی کۆماره‌وه ئاراسته کرابوو و ده‌ڵێت: 31ی مارچ کۆتایی هاتووه و قسه‌کردن له‌سه‌ر بابه‌تی به‌قای نیشتیمانیش ته‌واو بووه. ئه‌مه‌ش به‌م مانایه که به هیچ له‌ونێک له تورکیا بابه‌تێک له‌ژێر ناوی به‌قای نیشتیمانی له‌ئارادا نییه. چه‌مکێکی گرنگ وه‌ک به‌قای نیشتیمانی بۆ ئامانجێکی هه‌رزان به‌کار هاتووه.
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: به‌کارهێنانی چه‌مکێکی وا و هه‌لقۆستنه‌وه له‌و بابه‌تانه ده‌توانێت له داهاتوودا ده‌ردیسه‌ر دروست بکات. ئه‌گه‌ر له داهاتوودا بابه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی به‌قای نیشتیمانی له تورکیا ئاراسته بکرێت ئه‌وا قبووڵکردنی ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه زۆر دژوار ده‌بێت. خراپتریش ئه‌وه‌یه که هاوپه‌یمانیی کۆمار و هاوپه‌یمانانی هه‌م باس له بابه‌تی ژیان و نه‌مان ده‌که‌ن و هه‌م بابه‌ته‌کان له‌ژێر ناوی "زیلله‌ت- عیزه‌ت" ئاراسته ده‌که‌ن چوونکه ئه‌گه‌ر بابه‌تێک له‌ژێر ناوی به‌قای نیشتیمانی ببێت ئه‌وا له‌بری سووکایه‌تیکردن به مرۆڤه‌کان ده‌بێ هه‌ستی متمانه‌به‌خۆ به‌وان بدرێت.
چیرای له کۆتاییدا جه‌ختی کرده‌وه: ژماره‌یێک له ئه‌ندامانی پارتی داد و گه‌شه (AKP) دانیان به‌وه داناوه که به‌کارهێنانی به‌قای نیشتیمانی هیچ یارمه‌تییێکی به هاوپه‌یمانیی کۆمار نه‌کردووه و ته‌نانه‌ت ئه‌نجامی عهکسیشی لێکه‌وتۆته‌وه. ئاراسته‌کردنی بابه‌تی به‌قای نیشتیمانی له هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانیی کۆماره‌وه هه‌ڵه‌یێکی گه‌وره‌ی سیاسی بوو و ئاراسته‌کردنی بابه‌تگه‌لێکی ساخته‌یی وا له گۆڕه‌پانی سیاسیی تورکیادا قازانجێکی بۆ که‌س به‌دواوه نابێت.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی سووزچی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment