١٦ ئایار ٢٠١٩ - ١٦:٣٣
شاسوار عەبدولواحید دەستگیر کرا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستبەسەرکرا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی دوێنێ دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرد، ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید چووە بەردەم دادگا و دوای وەرگرتنی گوتەی، دادوەر بڕیاری دەستبەسەرکردنی داوە.

میدیای نزیک لە نەوەی نوێ دەڵێت: ئاسایشی سلێمانی شاسوار عەبدولواحیدی "بۆ شوێنێکی نادیار" گواستووەتەوە.

شاسوار عەبدولواحید لەسەر سكاڵای پەرلەمانتار شادی نەوزاد و گوتەی چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەچێتە دادگا کە مانگی رابردوو ئاماژەیان بەوەکرد، لەلایەن سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دەستکاریکراویان لێکراوە.

پێش چوونی بۆ دادگا لە پەیامێکدا کە لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند: "سەبارەت بەو فەرمانی گرتنە، ئێستا خۆم دەڕۆم بۆ بەردەم دادگا، وەک چۆن پێشتر چووینەتە بەردەم دادگا و سڵمان نەکردووەتەوە".

سەرۆکی جووڵانەوەی نوێ رایگەیاندووە: "گۆڕانکاری گەورە قوربانیدانی دەوێت، پشوودرێژی و خاوەن ئیرادەیی دەوێت، ئەوە دەیباتەوە کە باوەڕی بە خۆی و قەزیەکەی خۆی هەیە. هەموو لایێک دڵنیادەکەینەوە کە لە جاران بەهێزتر دەبین و کۆڵنادەین، ئەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە چەند ساڵێکی ترە، نەک ئەم وێستگە کاتییە بچوکانەی ئێستا، چونکە ئەمانە تێدەپەڕێت، ئەوەی دەمێنیتەوە بۆ مێژوو و بۆ داهاتوو، راستی و خاوەن هەڵوێستییە".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News ID 53720

Your Comment

You are replying to: .
captcha