بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر داوای لە لایەنگرانی کرد "دژی گەندەڵکاران" بوەستنەوە، شەوی رابردوو ژمارەیێک کەسی ناڕازی چوونە پێش مۆڵێک لە شاری نەجەف لە باشووری عێراق کە ناوی مۆڵی بەشیرە، دواتر شەڕ و پێکدادان لەنێوان خەڵکە ناڕازییەکە و پاسەوانانی مۆڵەکە روویدا و قوربانی لێکەوتەوە.
نەخۆشخانەی حەکیم لە شاری نەجەف لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "بەهۆی پێکدادانەکان لە پێش مۆڵی بەشیر چوار کوژراو و 17 بریندار گەیەندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە".
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند: "هێزە ئەمنییەکان توانیویانە پێنج کەس لە تەقەکەرانی نەجەف دەستگیربکەن کە هەموویان پاسەوانی مۆڵەکەن".
هەر شەوی رابردوو دەیان کەس، کە دەگوترێ لایەنگری رەوتی سەدر بوون، لە پارێزگاکانی واست و بابل و کەربەلا لە باشووری عێراق دژی ئەندامە دوورخراوەکان لە رەوتی سەدر و لە پێش موڵک و کۆمپانیاکانی ئەو دووخراوانە خۆپیشاندانیان کرد.
دووشەممەی رابردوو موقتەدا سەدر فەرمانی کرد کە رەوتەکەی لیژنەیێک پێکبهێنێت بۆ کۆ کردنەوەی زانیاریی لەبارەی ئەندامانی رەوتەکەی کە لە پرۆژە بازرگانییەکانی حکوومەت کار دەکەن و رایگەیاند: "چیدیکە بەرگەی شێواندنی نێوبانگی باوکم لەلایەن ئێوە و لادانتان لە رێبازەکەی ناگرم".
سەرچاوە: سۆمریە نیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment