کوردپرێس:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌یاننامه‌یێکدا ڕه‌زامه‌ندی نیشان داوه له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی نووسینگه له شاری سلێمانی و کردنه‌وه‌ی نووسینگه‌که به مه‌به‌ستی پێشکه‌شکردنی باشترین خزمه‌تگوزارییه به ھاووڵاتییانی عێراق و ھه‌رێمی کوردستان.
له‌لایێکی دیکه‌وه هاوپه‌یوه‌ند به‌م بابه‌ته د. موسه‌نا ئه‌مین خاوه‌نى بیرۆکه‌که و په‌رله‌مانتارى یه‌کگرتوو له په‌رله‌مانى عێراق به باسنیوزى ڕاگه‌یاند: "دواى هه‌وڵ و ماندووبوونێکى زۆر و چه‌ندین جار په‌یوه‌ندی کردن به وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ی عێراق و فه‌رمانگه په‌یوه‌ندیداره‌کان و پارێزگارى سلێمانى، له ئه‌نجامدا ڕۆژی سێشه‌ممه 7ی ئایاری 2019 وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له ڕێى نووسراوێکه‌وه که ئاراسته‌ى منى کردووه ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ى ئه‌م نووسینگه‌یه نیشان داوه".
ناوبراو سه‌باره‌ت به گرنگیى نووسینگه‌که بۆ هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌ى به ئه‌وه کرد: "کردنه‌وه‌ى (نووسینگه‌ى پشتڕاستکردنه‌وه‌ى قونسوڵى) له پارێزگاى سلێمانى ده‌ستکه‌وتێکى گه‌وره‌یه بۆ خه‌ڵکى کوردستان و تا ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت بۆ مۆر و واژۆیێک هاووڵاتییانى ئێمه ڕێگایێکى دوور و پڕمه‌ترسى ده‌گرنه‌به‌ر و پاره‌یێکى زۆر له هاتوچۆ خه‌رج ده‌که‌ن تا بچنه باره‌گاى وه‌زاره‌تى دره‌وه‌ى عێراق له به‌غدا".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره گوتیشی: "هیوادارین په‌له بکرێت له کردنه‌وه‌ى نووسینگه‌که له سلێمانى چوونکه ئه‌م نووسینگه‌یه سوودى بۆ ته‌واوى هاووڵاتییانى هه‌رێم و ته‌نانه‌ت هاووڵاتییانى پارێزگا سوننه‌نشینه‌کانیش ده‌بێت".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment