ڕۆحانی: په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئێران- قه‌ته‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی دوو وڵاتدا ده‌بێت

به‌شی ئێران- سه‌رۆک کۆماری ئێران په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ میری قه‌ته‌ر ئه‌نجام دا و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵاتی به‌ دۆستانه‌، ڕوو له‌ گه‌شه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی دوو وڵاتدا وه‌سف کرد و گوتی: ده‌توانین زیاتر له‌ ڕابردوو په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران- ده‌وحه‌ په‌ره‌پێبده‌ین و ده‌بێ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ بۆ هاوکاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی دوو وڵات به‌کار بهێنین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 16ی گوڵانی 1398 حه‌سه‌ن ڕۆحانی په‌یوه‌ندییێکی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئاڵ سانی میری قه‌ته‌ر ئه‌نجام دا و ته‌ئکیدی له‌سه‌ر خواستی تاران کرده‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی پێوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌ له‌وان قه‌ته‌ر و ڕای‌گه‌یاند: هیچ له‌مپه‌ر و ئاڵنگارییێک له‌سه‌ر ڕێگای پته‌وکردنی هاوکاریی هاوبه‌شی دوو وڵات له‌ بواره‌ سیاسی و ئابوورییه‌کاندا نییه‌.

ڕۆحانی ئاماده‌ییی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ده‌ربڕی بۆ جێگیربوونی ئارامی له‌ ناوچه‌که‌ و هیوای خواست که‌ کێشه‌ی ناوچه‌که‌ له‌ ڕێگای گفتوگۆ و دایالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت.

سه‌رکۆماری ئێران له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌دا هاتنی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زانی له‌ میر، ده‌وڵه‌ت و گه‌لی قه‌ته‌ر پیرۆزبایی کرد و گوتیشی: ئێمه‌ له‌ ڕۆژانی سه‌ختدا سه‌لماندوومانه‌ که‌ له‌گه‌ڵ براده‌رانی قه‌ته‌ری خۆمان ده‌مێنینه‌وه‌ و ئاماده‌ین هاوکارییه‌کانمان له‌گه‌ڵ وڵاتی دۆست و براده‌ر درێژه‌ پێبده‌ین.

ڕۆحانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ ئێمه‌ خوازیاری زاڵبوونی که‌شێکی میانه‌ڕه‌و و عه‌قڵانی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانین و ڕاشی‌گه‌یاند: گۆڕانکارییه‌کانی ئێستای ناوچه‌که‌ تێکه‌ڵ به‌ سیاسه‌ته‌ نایاسایییه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا بووه‌ و پێده‌چێت کارتێکه‌رییێکی نه‌رێنی له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌که‌ بێت.

سه‌رۆک کۆماری ئێران ئاماژه‌ به‌ ئامانجی دواییی ئه‌مریکا بۆ دروست‌کردنی ئاسته‌نگ له‌ به‌رده‌م هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران و نائه‌من‌کردنی ناوچه‌که‌ ده‌کات و هیوا ده‌خوازێت که‌ به‌ بۆنه‌ی هاوکاریی وڵاتانی دۆست له‌ ناوچه‌که‌دا شاهێدی به‌رده‌وامیی سه‌قامگیری و ئاسایش له‌ ناوچه‌ هه‌ستیارییه‌که‌ی که‌نداوی فارسدا بین.

ڕۆحانی نیگه‌رانیی خۆیشی ده‌ربڕی له‌ دۆخی غه‌ززه‌ و هێرشه‌کانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سه‌ر خه‌ڵکی بێ‌گوناحی غه‌ززه‌ له‌ مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زاندا و ڕاشی‌گه‌یاند: پێویسته‌ وڵاتانی ئیسلامی یه‌ک بگرنه‌وه‌ و گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر ڕژێمی زایۆنی و ڕێگری له‌ کوشتنی گه‌لی بێتاوانی فه‌له‌ستین بکه‌ن.

لای خۆیشیه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌دا میری قه‌ته‌ر وێڕای پیرۆزبایی‌کردنی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان و هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ سه‌رۆک کۆمار، ده‌وڵه‌ت و گه‌لی ئێران ڕای‌گه‌یاند: ده‌وڵه‌ت و گه‌لی قه‌ته‌ر سوپاسی ئێران و هه‌ڵوێسته‌کانی ده‌کات و هه‌رگیز محه‌به‌تی تاران له‌ سه‌رده‌مه‌ سه‌خته‌کاندا له‌بیر ناباته‌وه‌.

شێخ ته‌میم بن حه‌مه‌د ئال سانی ته‌ئکیدی له‌سه‌ر ئاماده‌ییی ده‌وحه‌ کرده‌وه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ تاران و جێبه‌جێ‌کرانی ڕێککه‌وتننامه‌ی نێوان دوو وڵاتی به‌ زه‌رووری وه‌سف کرد.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ململانێکان له‌ ناوچه‌که‌دا کرد و گوتیشی: ئێمه‌ چه‌ندین جار به‌ ئه‌مریکا و دۆستانی خۆمانمان ڕاگه‌یاندووه‌ که‌ ده‌بێ ناکۆکییه‌کان له‌ ڕێگای دایالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و دژایه‌تیی قه‌ته‌ریشی ده‌ربڕی له‌گه‌ڵ هه‌ر جۆره‌ کارێک که‌ نائه‌منیی ناوچه‌که‌ی لێبکه‌وێته‌وه‌.

میری قه‌ته‌ر له‌باره‌ی دۆخی غه‌ززه‌وه‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ وڵاته‌که‌ی هه‌وڵه‌کانی چڕ ده‌کاته‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی بۆ غه‌ززه‌ و مه‌حکووم کردنی بڕیاری ڕژێمی زایۆنی.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ڕی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری ئێران

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53523

Your Comment

You are replying to: .
captcha