کارتی گوشاری کورد بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق کارامه‌ نییه‌

به‌شی جیهان- میشڵ جانسن پێی وایه‌ کورد کۆنتڕۆڵ‌کردنی یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریای وه‌ک کارتی گوشار بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق به‌کارهێنا به‌ڵام تاوه‌کوو ئێستا هیچ ئه‌نجامێکی لێنه‌که‌وتۆته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کوردی سووریا به‌ هاوکاریی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش توانییان یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه‌. کورد له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێوه‌برد و ئه‌نجومه‌نی خۆجێیی پێکهێنا و ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دامه‌زراند.

کوردی سووریا تا ئه‌و کاته‌ی که‌ گوشارێکیان له‌سه‌ر نه‌بوو هیچ هه‌وڵێکیان بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق نه‌ده‌دا و هه‌وڵه‌کانی کورد بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق پاش دوو جار ڕاگه‌یاندنی بڕیاری ئه‌مریکا بۆ کشانه‌وه‌ له‌ سووریا ئه‌نجام درا به‌ڵام سه‌رکرده‌کانی کوردی سووریا دان به‌وه‌دا ده‌نێن که‌ له‌ هه‌ر دوو خولی دانووستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق که‌ به‌ ناوبژیڤانیی ڕووسیا هاوپه‌یمانیی دیمه‌شقه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چوو هیچ ئه‌نجامێکی به‌رچاو نه‌هاتۆته‌دی.

میشڵ جانسن که‌ له‌ سێ ده‌یه‌ی ڕابردوودا چاودێری له‌سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌کات نیسبه‌ت به‌ ئه‌نجامی دانووستانی کوردی سووریا له‌گه‌ڵ دیمه‌شق گه‌شبین نییه‌. ناوبراو له‌ یادداشته‌که‌یدا که‌ له‌ گۆڤاری گۆلف نیووز بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ کوردی سووریا هه‌ندێک کارتی گوشاری بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌ڵام له‌ به‌کارهێنانی ئه‌م کارتانه‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ کوردی سووریا وازی له‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر له‌ باکووری سووریا هێناوه‌ و بیر له‌ دامه‌زراندنی ناوچه‌ی خۆسه‌ر و جێگیربوونی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌ سه‌رانسه‌ری سنووره‌کان ده‌کاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ هێشتا کورد به‌ره‌وڕووی دوو کێشه‌ی نوێ ده‌بێته‌وه‌ و مومکینه‌ نه‌توانێت داواکارییه‌کانی ده‌سته‌به‌ر بکات.

ئه‌م کارناسه‌ی کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌شڵێت: 70 له‌سه‌دی دانیشتوانی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا عه‌ره‌بن و ئه‌م عه‌ره‌بانه‌ به‌ دوور له‌ چاوی کورد خه‌ریکن دانووستان و ئیتیفاق له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئه‌نجام ده‌ده‌ن. عه‌ره‌به‌کان حه‌ز ناکه‌ن ناوچه‌ی نێشته‌جێبوونیان له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ کۆنتڕۆڵ بکرێته‌وه‌.

ناوبراو باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا ئایدیای خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری قبووڵ ناکات که‌واته‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌مریکا خه‌ریکه‌ به‌رنامه‌ی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی له‌ سووریا ئاماده‌ ده‌کات کوردیش کێشه‌یێکی زۆری بۆ سه‌قامگیرکردنی دۆخی خۆی و ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی هه‌یه‌.

جانسن پێشی وایه‌ که‌ کورده‌کانی سووریا له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵیان وه‌ک کارتێک بۆ گوشارخستنه‌ سه‌ر دیمه‌شق له‌ دانووستانه‌کان که‌ڵک وه‌رده‌گرن به‌ڵام تاوه‌کوو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ له‌و کارتانه‌ له‌ دانووستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی سوود و قازانجێک ببه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53518

Your Comment

You are replying to: .
captcha