په‌رله‌مانتاری CHP: ده‌بێ گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجه‌لان کۆتایی پێبێت

به‌شی تورکیا- نوێنه‌ری ئه‌سته‌نبۆڵ له‌ په‌رله‌مانی تورکیا و سه‌ر به‌ پارتی کۆماریخوازی گه‌ل (CHP) له‌ لێدوانێکدا ته‌ئکید له‌سه‌ر لابردنی گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌کات و ده‌ڵێت: داخوازیی دیداری ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانی داواکارییێکی ڕه‌وایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مێهمه‌ت بکار ئۆغڵۆ نوێنه‌ری ئه‌سته‌نبۆڵ له‌ په‌رله‌مانی تورکیا و سه‌ر به‌ پارتی کۆماریخوازی گه‌ل (CHP) باس له‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانی‌کراوی PKK و ناڕه‌زایه‌تیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کوردییه‌کان به‌ شێوه‌ی مانگرتن له‌ خواردن به‌و بڕیاره‌ ده‌کات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ده‌بێ زووبه‌زوو گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان کۆتایی پێبێت. مافی سه‌رجه‌م زیندانییان هه‌رچی که‌ بێت ده‌بێ ئۆجه‌لانیش بگرێته‌وه‌. ئێمه‌ ده‌بێ به‌ستێنی به‌هره‌مه‌ندیی ئۆجه‌لان له‌ مافه‌کانی بڕه‌خسێنین. هه‌موان ده‌بێ زووبه‌زوو ئه‌م بابه‌ته‌ لێکبده‌نه‌وه‌. ده‌بێ زووبه‌زوو مانگرتنه‌کان و ڕۆژووی مه‌رگ کۆتایی پێبێت. هه‌موومان ده‌بێ یاسا و ڕێساکان وه‌بیری ده‌وڵه‌ت بهێنینه‌وه‌ و هۆشداری به‌وان بده‌ین. له‌ سیاسه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ په‌رله‌مانی تورکیا جارێکی‌تر به‌هێز ببێته‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌توانێت ده‌رفه‌تێکی باش بێت. له‌ سه‌ره‌تای حه‌فته‌دا دیدارگه‌لێکی زۆرم له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران و لێپرسراوانی حکوومه‌ت له‌باره‌ی چالاکیی مانگرتنه‌کان به‌ بۆنه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجه‌لان ئه‌نجام دا به‌ڵام هێشتا هیچ ئه‌نجامێکی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌. دیداره‌کان درێژه‌ی هه‌یه‌ و هیوادارم پێش له‌وه‌ی شاهیدی مه‌رگی یه‌کێک له‌ مانگرتووان بین له‌مباره‌وه‌ ڕێوشوێنێک بگیردرێته‌به‌ر.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: داخوازییه‌که‌ لابردنی ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م دیداری ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانیه‌. بۆچی له‌مپه‌ر له‌ به‌رده‌م ئه‌م دیدارانه‌دا ده‌نێنه‌وه‌؟ ئه‌مانه‌ نازانم به‌ڵام ده‌بێ یاساکانی کۆماری تورکیا بۆ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان یان هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ جێبه‌جێ بکرێت. مافی زیندانییێکی مه‌حکووم به‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی هه‌رچی که‌ بێت؛ ئه‌م زیندانییه‌ چ ئۆجه‌لان و چ که‌سێکی دیکه‌ بێت نابێ له‌ مافه‌کانی بێبه‌ش بکرێت. لابردنی گۆشه‌گیری و دیداری ئۆجه‌لان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانی داواکارییێکی ڕه‌وایه‌.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی ینی یاشام

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53484

Your Comment

You are replying to: .
captcha