عێراق و ئه‌ڵمانیا ته‌ئکید له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی هاوکاریی سه‌ربازیی نێوان دوو وڵات ده‌که‌نه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا کۆ بوویه‌وه‌ و له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا هه‌ردوولا ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر به‌رده‌وامیی هاوکارییه سه‌ربازییه‌‌کانی نێوان دوو وڵات کرده‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 30ی نیسانی 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق به‌ سه‌رۆکایه‌تیی شاندێکی باڵای وڵاته‌که‌ی گه‌یشته‌ ئه‌ڵمانیا و له‌گه‌ڵ ئه‌نگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئه‌ڵمانیا و به‌رپرسانى‌ترى ئه‌و وڵاته‌ کۆ بوونه‌وه‌ و دواتر کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان ساز کرد و عادل عه‌بدولمه‌هدى ڕای‌گه‌یاند که‌ چه‌ند ڕێککه‌وتنێکیان له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى سمینسى ئه‌ڵمانى به‌ به‌هاى 14 ملیار دۆلار واژۆ کردووه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنى چه‌ندین پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ی کاره‌با له‌ عێراقدا و ڕاوێژکارى ئه‌ڵمانیاش داواکارییێکى عێراق له‌ بوارى سه‌ربازیدا جێبه‌جێ ده‌کات.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد: ئه‌ڵمانیا ڕۆڵى سه‌ره‌کى بینیوه‌ له‌ هاوکاری کردنى عێراق له‌ شه‌ڕى تیرۆر و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى ناوچه‌ وێرانبووه‌کانى جه‌نگ و داواشى له‌و وڵاته‌ کرد له‌ هاوکارییه‌کانیان به‌رده‌وام بێت.

سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ڕوونیشی کرده‌وه‌ که‌ ئه‌ڵمانیا هاوکاری مرۆیی و دارایی له‌پێناو ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌کان بۆ سه‌ر ماڵ و زێدی خۆیان پێشکه‌شی عێراق کردووه‌.

لاى خۆشیه‌وه‌ مێرکڵ خۆشحاڵى خۆى به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى وڵاته‌که‌ى له‌گه‌ڵ عێراق دووپات کرده‌وه ‌و ڕایگه‌یاند: ده‌مانه‌وێت هاوبه‌شێکی ڕاسته‌قینه‌ی حکوومه‌تی عێراق بین له‌و نێوه‌نده‌شدا له‌ پشتیوانییه‌کانمان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی عێراق به‌رده‌وام ده‌بین.

ڕاوێژکارى ئه‌ڵمانیا ئاشکراشى کرد: حکوومه‌تی عێراق داوای کردووه‌ که‌ هێزه‌کانمان له‌ مه‌شق و ڕاهێنان پێکردنی هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌رده‌وام بن و جه‌ختی کرده‌وه‌ وڵاته‌که‌ى به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له ‌توانایاندا بێت له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53422

Your Comment

You are replying to: .
captcha