بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانیدا هاتووە: ئەمڕۆ سێشەممە 8-3-2022 لە سەڵاحەدین مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و گریگۆری گالیگان باڵوێزی کەنەدا لە عێراق تاوتوێی بارودۆخی سیاسی عێراق و کۆسپەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی و ھەنگاوە دەستوورییەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقیان کردووە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، باڵیۆزی کەنەدا جەختی لە گرنگیی پێگەی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: وڵاتەکەی پێزانینی بۆ قوربانیدانی گەلی کوردستان لە شەری دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و پاراستنی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان ھەیە.
باڵوێزی کەنەدا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری، زانستی و ئەکادیمییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نیشان داوە.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بارزانی سوپاسی رۆڵی کەنەدای لە یارمەتیدانی پێشمەرگە و پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان لە ڕۆژانی تەنگانەدا کردووە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بەرز ڕاگرتنی پێگەی ئافرەت لە کوردستان و فراوانکردنی بەشداریی ئافرەت لە کایە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە، بوو.
Your Comment