ڕێژەی هەناردەکردن لە گومرگی کرماشانەوە سەدا 29 زیادی کردووە

بەشی کرماشان- بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی کرماشان ڕایگەیاند لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ڕێژەی هەناردە کردنی لە سنوورەکانی کرماشانەوە بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان سەدا 29 زیادی کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس خەلیل حەیدەری لەو بارەیەوە ڕایگەیاند لە یەکەم مانگی بەهاری ساڵی 1398دا بە ڕێژەی 99 ملوێن و 380 هەزار و 676 دۆلار کەلوپەل لە گومرگەکانی کرماشانەوە بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان گوازراوەتەوە.

ناوبراو زیادی کرد کۆی کاڵای نێردراو لە گومرگەکانی کرماشانەوە بەرەو عێراق و هەرێمی کوردستان 236 هەزار و 582 تەن بووە و لەو ڕێژەیەش زیاترین کاڵای نێردراو لە دەروازەی فەرمیی پەروێزخانەوە بووە.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی کرماشان ڕاشیگەیاند: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سێ دەروازەی گومرگییەوە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت کە بریتین لە دەروازەی فەرمیی پەروێزخان و خاڵی سنووریی خەسرەوی و مەرزە لاوەکییەکانی پاوە.

ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بە تەنیا لە دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی 64 ملوێن و 573 هەزار و 778 دۆلار کاڵا نێردراوەتە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. کۆی ئەو کاڵا نێردراوانەش 126 هەزار و 144 تەن بووە کە لە چاو ماوەی هاوشێوەی ساڵی پار سەدا 99 هەڵکشانی بە خۆوە بینیوە.

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی کرماشان گوتیشی زۆرینەی ئەو کەلوپەلانەی لە گومرگەکانی پارێزگای کرماشانەوە ڕەوانەی بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کراون بریتین لەمانەی خوارەوە: تەماتە و خەیار و کاڵەک و باینجان و شووتی و کەلوپەلی ناوماڵ و کەرەستەی خاوێن کردنەوە و ئەشیای پەلاستیکی و دەفری مەلامین.

News Code 53357

Your Comment

You are replying to: .
captcha