ئه‌ڵمانیا نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی ڕاده‌ست كرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوای ته‌واوبونی نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ شاری هه‌ولێر به ‌فه‌رمی نه‌خۆشخانه‌که‌ ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کرا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 25ی نیسانی 2019 له‌ ڕێوڕه‌سمێکدا به‌ ئاماده‌بوونی به‌رپرسانی سیاسی و سه‌ربازیی هه‌رێمی کوردستان و ئه‌ڵمانیا له‌ عێراق، نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ که‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیاوه‌ دروست کراوه‌ به‌ فه‌رمی ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کرا.

نه‌خۆشخانه‌که‌ له‌سه‌ر ئه‌رکی حکوومه‌تی ئه‌ڵمانیا و به ‌گوژمه‌ی چوار ملیۆن و 800 هه‌زار دۆلار له‌سه‌ر ڕووبه‌ری هه‌زار مه‌تری دووجا دروست کراوه‌.

جه‌مال ئیمینکی سوپاسالاری پێشمه‌رگه له‌باره‌ی کردنه‌وه‌ و ڕاده‌ست‌کردنی نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌‌ ده‌ڵێت: هه‌موو ئامێره‌كانی ناو نه‌خۆشخانه‌كه له‌لایه‌ن وڵاتی ئه‌ڵمانیاوه‌ دابین كراون به‌ڵام له‌لایه‌ن پسپۆڕانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه ‌ده‌برێت و 2 ڕاویژكاری پزیشكی ئه‌ڵمانیش له‌گه‌ڵیان ده‌مێننه‌وه‌.

ناوبراو ئاشكراشی كرد له‌ داهاتوودا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا پڕۆژه‌ی گه‌وره‌تری له‌م شێوه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن.

هه‌روه‌ها باربارا شوماخه‌ر جێگری كونسووڵی گشتیی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستان 24 له‌باره‌ی دروست كردنی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌وه‌ و ڕاده‌ست كردنی به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕای‌گه‌یاند: نه‌خۆشخانه‌که‌ به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر بوونی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان کورد و ئه‌ڵمان. ئه‌مه‌ ڕۆژێکی گرینگه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین، ده‌مانه‌وێ خزمه‌تی هه‌موو پێشمه‌رگه‌یێک بکه‌ین، ئه‌مه‌ به‌شێکی گرینگه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی کورد و ئه‌ڵمانیا و ئێمه‌ په‌یوه‌ندییێکی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ یه‌ک هه‌یه‌.

فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیاش له‌ عێراق به‌ڵێنی دا له‌ هاوکارییه‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بن و له‌باره‌ی نه‌خۆشخانه‌ی پێشمه‌رگه‌وه‌ گوتی: ئه‌مه‌ له‌ ئه‌نجامی کارکردنی کۆمپانیا کوردییه‌کان و هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیا دروست کراوه‌، دڵخۆشین به‌ ته‌واوبوونی ئه‌م پرۆژه‌یه‌، ئێمه‌ وه‌ک هێزه‌کانی ئه‌ڵمانیا هه‌میشه‌ پلانمان بۆ هاوکاری كردنی پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ هاوکاریی پێدانی چه‌ک وه‌ستێندراوه‌ به‌ڵام هاوکاری وه‌ک مه‌شقی سه‌ربازی و لۆجستی هێشتا به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین چوونکه‌ هیچ پلانێکمان نییه‌ بۆ کشانه‌وه‌.

دروست کردنی نه‌خۆشخانه‌ی 20 قه‌ره‌وێڵیی پێشمه‌رگه‌ 14 مانگی خایاندووه‌ و له‌لایه‌ن تیم و به‌رپرسانی ئه‌ڵمانیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی کراوه‌ و به‌ شێوازێکی مۆدێرنانه‌ دروست کراوه‌.

ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌که‌دا به‌شه‌کانی تیشک، نه‌شته‌رگه‌ری، ئێسک و شکان و گوێ کراوه‌ته‌وه و بڕیاریشه‌ بۆ چه‌ند ساڵی داهاتوو چه‌ند به‌شێکی دیکه‌ش بكرێنه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53315

Your Comment

You are replying to: .
captcha