ڕابوون مەعرووف هۆکار و ڕەهەندەکانی ناکۆکی و لەت بوونی نەوەی نوێ  ئاشکرا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوکتور ڕابوون مەعرووف سەرکردەی ڕەوتی ناڕازی و ڕەخنەگر لە جووڵانەوەی سیاسی "نەوەی نوێ" لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وێڕای شی کردنەوەی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حزبەکەی، بەتوندی ڕەخنە لە شاسوار عەبدولواحد سەرۆکی نەوەی نوێ دەگرێت و بە کۆکردنەوەی سەروەت و سامان لە ڕێگای سیاسی و هەروەها پێشێل کردنی بنەماکانی دیموکراسی تۆمەتباری دەکات.

کوردپرێس: ڕەوتێکی ناڕازی لە ژێر ناوی "نا بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا" لە ساڵی 2017 بوو بە بەردی بناغەی دامەزراندنی بزووتنەوەیێکی سیاسی بە ناوی "نەوەی نوێ" بە سەرکردایەتیی شاسوار عەبدولواحد بازرگانی لاو و بەناوبانگی خەڵکی سلێمانی کە توانی لە کەمترین کاتدا گرووپێک لە گەنجانی خوێندکار و ناڕازی بە سیاسەتکانی دوو حزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان کۆ بکاتەوە و پاش ڕاگەیاندنی خۆیان لە ساڵی 2018 بە پشت بەستن بە میدیایێک کە لەدەستیەوە بوو و هەروەها بە کەڵک وەرگرتن لە دەفرایەتیی چینی ناڕازی و پەراوێزخراوی کۆمەڵگای هەرێمی کوردستان توانی لە هەمان ساڵدا لە هەڵبژاردنەکانی دوو پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستان 12 کورسی بەدەست بێنێت (8 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان و 4 کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق). لە هەمان دەستپێکی دامەزرانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دەنگۆی سەرهەڵدانی ناکۆکیی ناوخۆیی و ڕەخنە لە ئاکاری سەرۆکی گەنجی بزووتنەوەکە بڵاو بوویەوە. میحوەری سەرەکیی ڕەخنەکان کە زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە لە میدیاکانی پارتی دیموکراتدا ڕووماڵ دەکرا، چۆنیەتیی تەعامولی شاسوار عەبدولواحد وەکوو سەرۆکی بزووتنەوەکە لەگەڵ ئورگانە نێوخۆییەکان و هەروەها قۆستنەوەی ناوبراو بۆ بەکار هێنانی حزب بەئامانجی مادی و کۆ کردنەوەی سەروەت بوو.

لە کۆتاییدا و لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها ئەنجومەنی باڵای جووڵانەوەکە لە بەیاننامەیێکی هاوبەشدا ناکۆکی جیددی ناوخۆیی و هەروەها ڕەخنەی توندی خۆیان لە سەرۆکی نەوەی نوێ بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. لە کۆتاییدا چوار کەس واتا نیوەی ئەندامانی فراکسیۆنی حزب لە پەرلەمانی کوردستان پشتگیریی خۆیان لە بەیاننامەکە ڕاگەیاند.

کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ڕەهەندەکانی ناوکۆکییە ناوخۆییەکانی جووڵانەوەی سیاسی "نەوەی نوێ" وەکوو گەنجترین ڕەوتی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن لە هەرێمی کوردستان پێوەندیی لەگەڵ دوکتور ڕابوون مەعرووف لە سەرکردەکانی حزب و سەرۆکی فراکسیۆنی حزبەکەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گرت. ناوبراو لە دیمانەکەدا ڕەخنەی توند لە شاسوار عەبدولواحد دەگرێت و ئاشکرای دەکات کە ئایندەی سیاسیی ئەوان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحد کۆتایی پێهاتووە.

دەقی دیمانەکە بخوێنەوە:

کوردپرێس: نیگەرانییەکانی ئێوە وەکوو فراکسیۆنی نەوەی نوێ و ئەنجومەنی باڵای جووڵانەوەکە چییە؟

ڕابوون مەعرووف: لە ڕاستیدا وەکوو لە بەیانە هاوبەشەکەی ئەنجومەنی باڵا فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە بەغدا ڕوونمان کردۆتەوە لە دیدی ئێمەوە سێ هۆکاری سەرەکی فاکتەری شکستی هەموو پڕۆسەی سیاسی و حیزبە تەقلیدییەکانە. شکستی سیاسی لە دامەزراندنی وڵاتێکی دادپەروەر و وڵاتێک کە خۆشگوزەرانی و ئازادی و پاراستنی شکۆی هاووڵاتییانی تێدا فەراهەم بووبێت. وڵاتێک کە تێیدا هاووڵاتییان دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک ئامرازی پاراستنی خۆیان سەیر دەکەن نەک وەک سەرکوت کردن و بێ بەهاکردنی ئینسان و مەحرووم کردن و بێ بەش کردنیان لە مافەکانی. ئێمە بۆ سێ هۆکار ئەم شکستەمان گێڕاوەتەوە. یەکەم نەبوونی ئازادی و دیموکراسی لە ژیانی حیزبی و ڕێکخراوەییدا. دووهەم دەستبەسەرداگرتنی حیزبەکان لە لایەن بنەماڵە و خێرانەوە بە جۆرێک کە جیاکردنەوەی حیزب و بنەماڵەکانیان یان حیزب و خێزانەکان لە یەکتر ئەستەم و مەحاڵ دەبێت. سێهەم تێکەڵ کردنی حیزب و بیزنس بە جۆرێک کە سەردەمانێک بیزنس لقێک بوو لە حێزب واتا حیزب کۆمپانیای هەبوو و کۆمپانیا لقێک بوو لە حیزب. ئێستا بیزنس لەگەڵ حیزبدا بە جۆرێک تێکەڵ کراون حیزب وەک لقێکی کۆمپانیا گەورەکان دەردەکەوێت نەک بە پێچەوانەوە. ئێمە ئومیدمان وابوو لە دامەزراندنی نەوەی نوێ پارادایم و مودێلێکی سیاسیی ئەوتۆ جێ بخەێن و پێش بخەین کە هەم دیموکرات بێت و هەم سیاسەت و بیزنس بە تەواوەتی لێک جیا بکرێتەوە و هەم دەستبەسەداگرتنی نەوەی نوێ لەلایەن بنەماڵەیێکی سیاسییەوە حەرام بێت. بەڵام لە ئێستادا بە ڕاشکاوی نەوەی نوێ لە ژێر کاریگەری و خراپ بەکارهێنانی سەرۆکەکەیدا کە شاسوار عەبدولواحیدە هیچ دیموکراتییێکی تێدا نەهێشتووە و پڕەنسیپەکانی دیموکراسیی تێدا پایماڵ کردووە و دەزگاکانی قەراردان لە یەک کەسدا کورت بۆتەوە کە سەرۆکی جووڵانەوەکەیە. هەر وەها بنەماڵە و نەوەی نوێ بە جۆرێک تێکەڵ بووە کە ئێستا بنەماڵەی بەڕێز عەبدولواحید لەگەڵ نەوەی نوێدا هیچ هێزێک نییە جیای بکاتەوە. ئەوەندە تێکەڵ بووون. هەروەها حیزب و بیزنس بە جۆرێک لەلایەن سەرۆکی جووڵانەوەکەوە تێکەڵ کراوە کە بە وازحی بۆ ئێمە دیارە کە ڕەئسی جووڵانەوەکەی «نەوەی نوێ»ی تەنیا بۆ ئامانجە بازرگانییەکانی دەوێت نەک بۆ چاککاری و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەسیستەمی سیاسیی وڵاتەکەمان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.

کوردپرێس: ئەو هۆکارانە چین کە دۆخەکەیان گەیاندۆتە ئەو ئاستەی کە ئێوە وەکوو فراکسیۆن هەروەها ئەنجومەنی باڵا ئەو بۆچوونەتان دەرببڕن و ڕای گشتیی لێ ئاگادار بکەنەوە؟

ڕابوون مەعرووف: یەکەم ئێمە پێمان وایە سیاسەت لە بنەڕەتەوە بواری گشتییە نەک تایبەتی. واتا ئێمە لە بەردەم ڕای گشتیدا بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و سیاسیمان هەیە. بە جۆرێک کە دەبێت ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەینەوە و هەروەها بەرپرسیارین کە ڕای گشتی ئاگاداری ڕووداوەکانی پشتەوەی پەردە بن. بۆیە ئێمە کاتێک کە گەیشتووینەتە خاڵی یەکلاکەرەوە پێمان وایە دەبێت ڕای گشتی ئاگادار بن کە بەڕێز سەرۆکی نەوەی نوێ ئامانجی چییە لە دامەزراندنی حیزبی سیاسی و دەیەوێت نەوەی نوێ بەرەو کوێ ئاراستە بکات. چۆن دەزگاکانی نەوەی نوێ بەکار دەهێنێت بە ئامانجی کۆمپانیاکان و دەستخستنی مەلایین دۆلار بۆ بەرژەوەندییەکان و خێزانەکەی. هەروەها دەبێت ڕای گشتی ئاگادار بێت کە چۆن لە کاتێکدا بەڕێز سەرۆکی جووڵانەوەکە ئیدعای دیموکراسی و ئازادی دەکات بەڵام دیموکراسیی سیاسی و کرانەوەی سیاسی لە ناو جووڵانەوەکەدا بە جۆرێک دایبەزاندووە کە گەیاندوویەتە ئاستی سیفر. بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێت ڕای گشتی لەم ڕاستییانە ئاگادار بکرێنەوە. هەروەها کاتێک بڕیارمان دا کە ئیتر کاتی ئەوەیە ڕای گشتی لە ڕووداوەکان و ڕاستییەکان ئاگادار بکەین کە ئێمە هیچ ئومێدێکمان نەماوە و لە نیەتی ڕاستەقینەی بەڕێز سەرۆکی جووڵانەوەکە تێگەیشتووین و دەزانین ئەو بەڕێزە جگە لە ئامانجی دەوڵەمەندکردن و کەڵەکەکردنی مەلایین دۆلار بۆ خۆی و خێزانەکەی هیچ ئامانجێکی تری لە سیاسەت نییە و لە دووی ئەوەیە کە حیزب و دەزگا جیاجیاکانی نەوەی نوێیش بۆ بەرژەوەندیی خۆی و بنەماڵەکەی بەکار بهێنێت. بۆیە ئێمە بڕیارمان دا چیتر بێدەنگی هەڵنەبژێرین و لە بەردەم ڕای گشتیدا ڕاستییەکانیان ڕوون بکەینەوە.

کوردپرێس: شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاندووە پارتی و یەکێتی کەوتوونەتە کڕینی خەڵکانی ناو جووڵانەوەکە. ئەم هەڵوێستە چۆن دەبینن؟ ئایا ناڕەزایییە ناوخۆیییەکان پێوەندییان بەو دوو پارتەوە هەیە؟

ڕابوون مەعرووف: لە ڕاستیدا ئەم شێوازە لە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ جیاوازیی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی ناو حیزبە سیاسییەکان هەڵوێستێکی قیزەون و داڕزێنەر و گوزارشتە لە داڕزاویی سیاسی کاتێک کە هاوڕێکانت و ئەو کەسانەی کە لە حیزبێکی سیاسیدا لەگەڵتن ڕەخنە و نیگەرانییان هەیە بەرانبەر هەڵوێستە سیاسییەکانت و لەبەرانبەر هەڵسوکەوتەکەدا پەنا بۆ درۆ و بوختان بەریت. ئێمە پێمان وایە بە پێچەوانەوە پارتی و یەکێتی هۆکاری هەموو ئەو کارەسات و مەینەتییانەن کە بە سەر وڵاتی ئێمەدا هاتووە و لەوەش زیاتر ئێمە پێمان وایە کە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بوێریی ئەوەی تێدایە کە حیزبێکی سیاسی دروست بکات تەنها لە پێناوی بازرگانی و کەڵەکەکردنی مەلایین دۆلار. ئەوە بە پلەی یەکەم خەتای پارتی و یەکێتییە کە لە ماوەی 28 ساڵدا سیستەمێکی سیاسیی ئەوتۆیان جێ خستووە کە بازرگانێک بتوانێت بەم جۆرە جورئەت بکات حیزبێکی سیاسی دروست بکات تەنها بۆ ئامانجی بازرگانی و کۆکردنەوەی پارە و سەروەت و سامان بۆ خۆی و خێزانەکەی. بۆیە ئێمە پێمان وایە نەک هەر ئەم ناڕەزایی دەربڕینمانە پێوەندیی بە پارتی و یەکێتییەوە نییە بەو مانایە کە تەداخولاتی پارتی و یەکێتی بێت لە ناو نەوەی نوێدا بەڵکوو پێمان وایە هەر لە بنەڕەتەوە پارتی و یەکێتی هۆکارن بۆ ئەو بارودۆخەی کە تێیدا ئەم ڕووداوانە ڕوویان داوە و ئەو هەموو کارەساتەش بەسەر میللەتی ئێمەدا هاتووە بە پێچەوانەوە ئامانجی باڵای ئێمە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتییە و هەروەها کۆتاییهێنان بەو بارودۆخەیە کە تێیدا بازرگانێکی چاوچنۆک بوێریی هەبێت کە سیاسەت لەگەڵ کەسابەت تێکەڵ بکات.

کوردپرێس: ئایا بۆچاەسەر کردنی کێشەکان لەنێو نەوەی نوێدا گفتوگۆیێکتان دەستپێکردووە؟

ڕابوون مەعرووف: بەڵێ ڕەخنە و نگەرانیەکانی ئێمە لەو بارودۆخەی کە نەوی نوێ پێیگەیشتووە دوای ململانێیکی زۆری ناوخۆییە دواجار ئەنجامگیریی ململانێ ناوخۆییەکانمان ئەوەیە کە شاسوار عەبدولواحد بڕوای بە کەمترین ئازادیی ڕێکخراوەیی و حزبی نییە و تەعامول کردن لە گەڵیدا تەقریبەن نزیکە لە مەحاڵەوە.

کوردپرێس: پێش بینیی قووڵتربوونی کێشە ناوخۆییەکان و لەت بوونی جووڵانەوەکە دەکەن؟

لە ڕاستیدا ئەنجامگیریی ئێمە ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیێک هیچ پڕۆژەیێکی هاوبەشی سیاسیمان لەگەڵ شاسوار عەبدولواحددا نەماوە و ئایندەی سیاسیی ئێمە لەگەڵ شاسوار عەبدولواحد کۆتایی پێهاتووە و ئێمە سەرقاڵی زیندوو کردنەوەی ئەو کەلەپوورە سیاسی و ئەو هێڵە سیاسییەن کە لە بنەڕەتەوە نەوەی نوێمان لەسەر دامەزراند. هەرچەند کە لە دیدی ئێمەوە حزب پەرستی بەشێکە لە سەقافەیێکی خێڵەکی بەڵام وەکوو پڕۆژەیێک و وەکوو نەریتی سیاسی ئێمە سوورین لەسەر بەردەوامیدان بە دیدە سیاسییەکانمان و ئەنجامگیریمان ئەوەیە کە ئێمە بە هیچ شێوەیێک هیچ ئایندەیێکی سیاسیمان لەگەڵ بەڕێز شاسوار عەبدولواحددا نەماوە و بابەتەکە لە دیدی ئێمەوە کۆتایی پێهاتووە.

کوردپرێس: ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بن ئایندەی ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستانی عێراق چۆن دەبێت:

دان بەوەدا دەنێم کە بارودۆخی ئۆپۆزیسیۆن بوون لە بەرابەر دەسەڵاتە ستەمکارەکەی ئێستا و حوکمڕانیی جووت بنەماڵەکە لە کوردستانی عێراق لە بارودۆخێکی باشدا نییە بەڵام ئێمە متمانەمان بە خۆمان هەیە کە دەتوانین کۆمەڵێک گەنج سەرکردایەتیی ڕاست کردنەوەی سیاسی و ئەم بارودۆخە بین و ئێمە لەبەردەم ڕای گشتیی ناوخۆیی و جیهانیدا ڕایدەگەیێنین کە وەکوو ئاراستەیێکی ئۆپۆزیسیۆن بە ئامانجی دواجار کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتەکەی پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبین و جگە لە کۆتایی هێنان بەو دەسەڵاتە و دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی باشتر بۆ گەلەکەمان کە تێدا دەوڵەت و دەزگاکان ئامرازی پاراستنی شکۆ و کەرامەتی هاووڵاتییان و جێ خستنی دادپەرەوەری و پێش خستنی ژیانی مادی و مەعنەویی هاووڵاتییان بن و بەردەوام دەبین.

*دیمانە: حەسەن ساڵحی/بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان. ئاژانسی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 53306

Your Comment

You are replying to: .
captcha