کوردپرێس:
ئەمڕۆ سێشەمە 23ی نیسان بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری چەند پەرلەمانتار سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێرانی کرد و لە وەڵامی نوێنەری خەڵکی ئیزەدا کە لەبارەی پەکخستنی فرۆشی نەوتی ئێرانەوە پرسیاری کردبوو ڕایگەیاند: ئەمریکا خەونی سیفرکردنی داهاتی نەوتی ئێرانی بینیوە بەڵام ئەو خەونەی نایەتە دی. لە بەر ئەوەی ئەو وڵاتانەی داتا و ئاماری درۆیان بە ئەمریکا داوە توانای بەرهەمهێنانی نەوتیان لەو ئاستەدا نییە و ئەوەش بازاڕی نەوت تێک دەدات و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی یەکەم وڵات دەبن کە دووکەڵی ئەو تێکچوونەی بازاڕ دەچێتە چاویانەوە.
وەزیری نەوتی ئێران زیادی کرد: ژمارەیێک لە وڵاتان هەن کە بە مەبەستی گوشارخستنە سەر ئێران داتای ساختە و ناڕاست بە ئەمریکا دەدەن و مەلەفی نەوتیان کردۆتە مەلەفێکی سیاسی بۆیە لێرەوە دەڵێم ئەوانەی بۆ پێشخستنی مەرامی سیاسیی خۆیان بەهرە لە مەلەفی نەوت وەردەگرن بە هەڵەدا چوون و ئێستا بازاڕی نەوت زۆر لەرزۆک و هەستیارە و باجی تێکچوونی بازاڕەکەش بەسەر هەمان وڵاتاندا دەشکێتەوە.
شیاوی ئاماژەیە ساڵی پار ئیدارەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە و سزای ئابووریی بە سەر ئێراندا سەپاند بەڵام لەبەر تێکنەچوونی بازاڕی نەوت لێخۆشبوونی بۆ 8 وڵات ڕاگەیاند کە تا ڕۆژی 2ی ئایار بە ڕێژەی دیاریکراو نەوتی ئێران بکڕن. ڕۆژی دووشەمە 22ی نیسان واتا 10 پێش کۆتاییهاتنی ماوەی لێخۆشبوونەکە ئیدارەی ترەمپ ڕایگەیاندووە کە ئەو لێخۆشبوونە درێژ ناکرێتەوە و چیتر هیچ وڵاتێک بۆی نیە نەوتی ئێران بکڕێت. مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە لە پرێس کونفڕانسێکدا ڕایگەیاند ئامانجی کۆشکی سپی ئەوەیە داهاتی نەوتی ئێران بگەیێنێتە سیفر بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکات بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ بێتە سەر مێزی گفتوگۆ. بڕیارەکەی کۆشکی سپی کاردانەوەی جیاجیای فراوانیشی لە ئاستی نێوخۆ و جیهان لێکەوتەوە.
Your Comment