دوو مێرمنداڵی مه‌هابادی له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی لیدیسه‌ی چێک دره‌وشانه‌وه‌

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- دوو مێرمنداڵی مه‌هابادی له‌ 45هه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی لیدیسه‌ی وڵاتی چێک دیپلۆمای شانازییان له‌ به‌شی وێنه‌دا مسۆگه‌ر کرد.

ئه‌فسانه‌ بازیار به‌رپرسی ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانی ژماره‌ یه‌کی مه‌هاباد وێڕای پشتڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌ به‌ هه‌واڵنێری کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: ئه‌مساڵ 45هه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی لیدیسه‌ی وڵاتی چێک له‌ژێر ناوی "سه‌فه‌ر" به‌ڕێوه‌ چوو.

ناوبراو گوتیشی: 25 هه‌زار و 690 که‌س له‌ 83 وڵاتی جیهانه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ دوو به‌شی نیگارکێشی و وێنه‌دا ڕه‌وانه‌ی فێستیڤاڵه‌که‌ ‌کردبوو که‌ له‌ کۆی گشتیی به‌رهه‌مه‌کان 695 به‌رهه‌م له‌ به‌شی نیگارکێشی و 22 به‌رهه‌میش له‌ به‌شی وێنه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ ڕه‌وانه‌ی ناوه‌ندی بڕیاردانی فێستیڤاڵه‌که‌ کرابوون.

ئه‌فسانه‌ بازیار گوتیشی: پاش قۆناغی داوه‌ری 9 به‌رهه‌م واتا 7 به‌رهه‌می نیگارکێشی و 2 به‌رهه‌می وێنه‌هه‌ڵگرتن‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ توانییان دیپلۆمای شانازی فێستیڤاڵه‌که‌ مسۆگه‌ر بکه‌ن.

به‌رپرسی ناوه‌ندی په‌روه‌رده‌ی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانی ژماره‌ یه‌کی مه‌هاباد باسی له‌وه‌ کرد: له‌ به‌شی وێنه‌دا سه‌مین عه‌لیزاده‌ ته‌مه‌ن 12 ساڵ به‌رهه‌مه‌که‌ی له‌ژێر ناوی "ئاشتی و دۆستایه‌تی" و ڕۆژین په‌ناهه‌نده‌ ته‌مه‌ن 13 ساڵه‌ی مه‌هابادی به‌رهه‌مه‌که‌ی له‌ژێر ناوی "جوانییه‌کانی سروشت" ئاماده‌ کردبوو که‌ دیپلۆمای شانازیی ئه‌م خوله‌ی کێبه‌رکێکانیان برده‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53193

Your Comment

You are replying to: .
captcha