هۆی وەستانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت، دۆخی نێوان پارتی و یەکێتییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عەلی حەمە ساڵح لەبارەی وەستانی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: گۆڕان بەرپرسیار نییە لە وەستانی گفتوگۆکان بەڵکوو داواکارییەکانی یەکێتی و ئەو دۆخەی لە نێوان یەکێتی و پارتی دروست بوو هۆکاری پەکخستنی گفتوگۆکانە.

کوردپرێس:

ڕێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و لە لایێکی دیکەشەوە ڕێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ هەمان مەبەست وای کرد هیواکان بۆ یەکلا بوونەوەی ئەو پڕۆسەیە بگەشێتەوە. بە گوێرەی ڕێککەوتنەکەی نێوان گۆڕان و پارتی، سەرۆکی هەرێم تەنیا یەک جێگری بۆ کاروباری سەربازی دەبێت ئەوەش بە گۆڕان دەدرێت. بەڵام یەکێتی داوای کرد سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت و یەکیان بە یەکێتی بدرێت. مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەو داواکارییەی قبووڵ کرد بەڵام گۆڕان ڕەتی کردەوە. هەر ئەمەش بوو بە کۆسپی گەورەی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.

عەلی حەمەساڵح ئەندامی باڵای شاندی دانووستانکاری گۆڕان لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت لەبارەی کۆسپی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی بە کوردپرێس ڕاگەیاند: "لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا دەوترا پرسی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کەوتۆتە سەر ڕێڕەوێکی باش بەڵام بەوەشەوە ئێستا گفتوگۆکان پەک خراوە عەلی حەمە ساڵح لەبارەی کۆسپی بەردەم گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: گۆڕان لە وەستانی گفتوگۆکاندا بەرپرسیار نییە لەبەر ئەوەی هەر زوو هەم لە سەر بەرنامەی سیاسیی حکوومەتەکە و هەم لە سەر پۆست و بەرکەوتەکان و ئەو دۆخەی کە هەیە ئیتفاقێکمان کرد بەڵام دواتر بە هۆی ئەو دۆخەی لە نێوان پارتی و یەکێتی دروست بوو بینیمان کە گفتوگۆکان پەکی خرا."

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی گۆڕان لە بارەی پێشنیارەکانی گۆڕان بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: "ئێمە ئیتفاقێکمان کردووە و تا ئەم ساتە پێمان باشە ئیتفاقەکە جێبەجێ بکرێت."

کوردپرێس پرسیاری ئەوەشی لە عەلی حەمەساڵح کرد کە ئایا گۆڕان ئامادەیە دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم ببێت بۆ یەکێتی؟ ناوبراو لە وەڵامدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "ئێمە قەراری وامان نییە تا ئێستا. دیارە ئەو بابەتە بە دەست منیش نیە و دەبێت دامەزراوەی گۆڕان کۆ ببێتەوە و بڕیاری لە سەر بدات."

ئەو نوێنەرەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی شیمانەی گۆڕینی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: "جارێ هیچ دیار نییە."

News Code 53155

Your Comment

You are replying to: .
captcha