بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری نیویۆرکر ڕاپۆرتێکی لەسەر مێژووی پێوەندییەکانی ئەمریکا و کورد بە تایبەت کوردی سووریا بڵاو کردۆتەوە و دەنووسێت دەستپێکی ئەم پێوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ گەمارۆدانی ناوچەی کوردنشینی کۆبانێ لە باکووری سووریا و هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانان بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش لەم ناوچەیەدا.
نیویۆرکر لە درێژەدا ئاماژە دەکات بە گرینگ بوونی پشتگیریی ئەمریکا لە کوردەکان و دەنووسێت کوردەکان یەکەمجار تەنها هێزەکانی پاراستنی گەلیان بۆ شەڕی داعش بەکار دەهێنا و هەموو ئەندامانی ئەم هێزانە کورد بوون. بەڵام فەرماندە کوردەکان پێشنیاریان بە ئەمریکا کرد بۆ کونترۆڵ کردنەوەی ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووەکانی عەرەبن دەبێت هەوڵ بدرێت هێزە عەرەبەکان لە عەشایری ناوچەی ڕقە و دەیرەزوور بەکار بهێندرێن.
ئەم گۆڤارە بەناوبانگە ئەمریکییە لە درێژەدا ئاماژە دەکات بە بڕیاری چاوەڕوان نەکراوی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە سووریا و دەڵێت ئەم بڕیارە نادروستترین بڕیاری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو، چوونکە ترەمپ دەیویست هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بکشێنێتەوە لەحاڵێکدا کە چەند ناوچەی هەستیار هێشتا لە کونترۆڵی داعشدا بوون. بۆیەش کاربەدەستانی ئەمریکی کاردانەوەیان پیشان دا و بڕیارەکەیان دوا خست.
گۆڤاری نیویۆرکر ئاماژە بەمە دەکات کە کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا خەیانەت کردنە لە کورد بەتایبەت لە مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک چوونکە ئەم هێزانە توانییان نزیک لە یەک لەسەر سێی خاکی سووریا لە کونترۆڵی داعش دەربێنن و ئێستاش هەڕەشەی جیددی لەسەر بەڕێوەبەریی خۆسەری کورد لە سووریا هەیە.
مەزڵووم کۆبانێ بە گۆڤاری نیویۆرکری وتووە بڕیارەکەی ترەمپ بوەتە هۆی سەرسوڕمانی و داوای لە ئەمریکا کردووە لانیکەم تاکۆتایی هەموو مەترسییەکان نیوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بهێڵنەوە.
ڕابین ڕایت لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا لە نیویۆرکر دەنووسێت جەنراڵ مەزڵووم کۆبانێ بۆ ڕێوڕەسمی جێژنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە سووریا هاوکارانی ئەمریکی خۆی بانگهێشت کرد و وتی: ئەم جێژنە تەنها جێژنی کورد نییە بەڵکوو هی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەم جەنارڵە کوردە کە ئەمریکا بە کشانەوەی هێزەکانی خەیانەتی لێدەکات 11000 سەربازی خۆی لە شەڕی داعشدا لەدەست داوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment