ئەمریکا خەمی کوردی عێراق ناخوات/ شەڕی داعش بۆتە خاڵی یەکگرتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق

بەشی جیهان- توێژەرێکی پەیمانگای توێژینەوەی پێوەندییەکانی دەرەوەی هۆڵەندا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە شەڕی داعش بۆتە خاڵی یەکگرتنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و لە ماوەی 28 ساڵی ڕابردووشدا ئەمریکا دەرفەتی باشی بۆ ڕەخسا کە پێشمەرگە یەک بخات و بیکاتە هێزێکی گەورە بەڵام ئەوەی نەکرد.

کوردپرێس:

مەسەلەی هاوکاریی نێوان پێشمەرگە و هێزی فەرمیی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق زۆر گرینگە و هۆکارەکەش کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی نێوانیانە کە بریتین لە شەڕی داعش و مەسەلەی ناوچەی جێناکۆک و سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەند. سەرهەڵدانی داعش لە عێراق وای کرد پێشمەرگە و سوپای عێراق ببنە هاوکاری یەکتر و ژووری ئوپەراسیۆنی هاوبەش پێکبهێنن. زیاترین ئاستی هاوکاریی نێوان پێشمەرگە و سوپاش ئەو کاتە بوو کە سوپای عێراقی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەوە بۆ ڕزگارکردنی مووسڵ جووڵەی پێکرا.

بەڵام بەوەشەوە لە چەند قۆناغێکدا ئەو دوو هێزە گرفتیان لەگەڵ یەک بووە. بۆ نموونە ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبری 2017 لە کەرکووک کە سوپا گەڕایەوە ئەو شارە ناوبەناو پێکدادانی سەرابزییش لە نێوان پێشمەرگە و سوپادا دروست بوو و لە ئەنجامیشدا کەرکووک کە پاش داعش کەوتبووە دەست کورد لەلایەن سوپای عێراقەوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە.

خاڵێکی دیکەش لەبارەی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە مەسەلەی پێوەندیی ئەو هێزە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی و بەتایبەتی ئەمریکایە. ئەمریکا لەو کاتەوە داعش سەری هەڵداوە تا ئەم کاتەش مووچەی ژمارەیێک لە فەوج و لیواکانی پێشمەرگە خەرج دەکات و کەرەستەی سەربازییان پێدەدات. باس لەوەش دەکرێت کە ئەمریکا بەنیازە هێزی پێشمەرگە بکات بە هێزێکی یەکخراوی تۆکمە لە هەرێمی کوردستان.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە گفتوگۆیێکی لەگەڵ "حمزە الشدادی" توێژەی کاروباری سەربازی و یاریدەدەر بۆ توێژینەوەکان لە پەیمانگای پێوەندییەکانی دەرەوەی "کلینگنداڵ"ی هۆڵەندا کردووە. ناوبراو دەرچووە توێژینەوەی مۆدێڕنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە.

حەمزە شەدادی پێچەوانەی ژمارەیێک شرۆڤەکاری دیکە، عیلاقاتی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ئێستادا ئیجابییە و لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە: "ڕەنگە ئەگەر کەسێک شارەزای کاروباری عێراق و کوردەکان نەبێت بڕوای وابێت کە پێوەندی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق تووشی گرفت بووە بەڵام من لەو بڕوایەدام ئەگەرچی ڕووداوەکانی 16ی ئەکتەوبری 2017یش ڕوویان دا بەڵام لە ئەنجامی شەڕی داعشدا پێوەندیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پێوەندییێکی ئیجابی و باش بووە. هەردوو ئەو هێزانە سەرقاڵی شەڕی داعش بوون و ئەمریکاش هاوکاریی ئەو هێزانەی کردووە بۆ ئەوەی زیاتر لە یەکتر نزیک ببنەوە."

شەدادی لەبارەی عیلاقاتی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیشەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەتی کەرکووک بە کوردپرێسی وت: "ئینتیمانی هەردوو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک نموونەیێکی دیکە عیلاقاتی ئیجابیی نێوان ئەو هێزانەیە. بەو حاڵەشەوە بڕوای من ئەوەیە کە چ پێشمەرگەش و چ سوپای عێراقیش بۆ داڕشتنەوەی سنوورەکانیان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ دەستووری عێراقی و متمانەیان پێببەخشرێت."

ناوبراو گوتیشی: "هەردوو ئەو هێزانە پێویستیان بەوە هەیە کە ئەو متمانەیەیان پێببەخشرێت و گەرەنتیی ئەوەیان پێ بدرێت کە جارێکی دیکە ڕووداوەکانی کەرکووک و 16ی ئەکتەوبر دووپات نابێتەوە."

ئەو توێژەرەی لەبارەی شیمانەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچەی جێناکۆک بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: "دەستووری عێراقی دەستی خستۆتە سەر ئەو هەستیارییەی لە ناوچە جێناکۆکییەکاندا هەیە و بەو بۆنەیەشەوە مادەیێکی دەستووریی بۆ تەرخان کردووە (مادەی 140ی دەستووری عێراقی). بە قەناعەتی من لە ئێستادا دەبێت هێزی عێراقی و پێشمەرگە و هێزە خۆجێییەکان و پۆلیسی کەرکووک و دیکەی شوێنەکانیش پێکەوە هاوکار بن و کار بۆ کۆکردنەوەی متمانەی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بکەن. ئەو متمانە و پێکەوەژیانەی باسی دەکەین نەک هەر لە نێوان سوپا و پێشمەرگەدا بەڵکوو لە نێوان عەرەب و تورکمان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکەشدا شتێکی زەروور و حەیاتییە."

ناوبراو داوای لە هەر دوو دەوڵەتی عێراقیش و هەرێمی کوردستانیش کردووە تەرکیز بکەنە سەر مەسەلەی متمانەبەخشین بە هێزەکانیان بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی دانیشتووی ناوچەکە و عێراقیش ئەو متمانەیەیان لا دروست ببێت کە ئەو هێزانە دەیانپارێزن. لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەی جێناکۆکیش دەبێت کورد سەبری هەبێت."

ئەو توێژەرە لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ یەکخستن و تۆکمەکردنی هێزی پێشمەرگە بە ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگەیاند: "سیاسەتەکانی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویەتی کە واشەنتن کار بۆ یەکخستنی پێشمەرگە ناکات. ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیی خۆی و پێشخستنی ئامانجەکانی خۆی هاوکاریی کوردی کردووە و بیری لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نەکردۆتەوە. ئەوەش بەس من نایڵێم..."

ناوبراو زیادیشی کرد: "ئەمریکا ئەو دەرفەتەی بوو کە لە 1991ەوە هێزی پێشمەرگە بکات بە هێزێکی تۆکمە بەڵام لە ماوەی ئەو 28 ساڵەی ڕابردوودا ئەوەی نەکرد."

News Code 53068

Your Comment

You are replying to: .
captcha