بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیێندراوێكدا لەبارەی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند: "كۆتا بڕیاری ئەمریكا سەبارەت بە سوپای پاسدارانی ئێران و هەژماركردنی لە لیستی تیرۆردا لەگەڵ ئارامی ناوچەكە ناگونجێت".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: عێراق لەسەر هەڵوێستەكانی بۆ رەت كردنەوەی هەر بریارێک كە ببێتە هۆی زیانی دراوسێكەی پێداگرە و وتیشی، "لەسەر هەڵوێستەكەمان سوورین و رێگەنادەین خاكی عێراق ببێتە بنكە یاخود رێرەو بۆ زیانگەیاندن بە هیچ وڵاتێكی دراوسێی".
ئەحمەد ئەلسەحاف راشیگەیاند: "ئێمە لە هیچ هاوپەیمانیێكی سیاسیدا نین و پشتی هیچ لایەنێک ناگرین، بەڵكوو لە هەر دەستپێشخەریێک كە بە ئەرێنی لە ناوچەكەدا رەنگبداتەوە چالاک دەبین".
لە درێژەی وتەكانیدا سەحاف وتی: "تیرۆر لە عێراق شكستی هێناوە، شكست هێنانیش بە تیرۆر پێویستی بە هەوڵی هەموو لایەنەكانی ناوچەكە هەیە و هەڵوێستی وڵاتانی هاوڕێی دەنرخێنێت كە هاندەری ئاشتی بوون و لە جەنگی دژ بە تیرۆردا هاوكاریان پێشكەش بە عێراق كردووە لەكاتێكدا جەنگەكەمان دژ بە تیرۆر جەنگێكی درێژ بو و زۆرمان لەسەركەوت".
سەرچاوە: فورات نیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment