که‌مپه‌ینێکی هاوکاری بۆ زیانلێکه‌وتووانی لافاو‌ی لوڕستان و کرماشان له‌ سلێمانی پێکهێنرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ شاری سلێمانی که‌مپه‌ینێک بۆ هاوکاری کردنی خه‌ڵکی زیانلێکه‌وتووی لافاوه‌که‌ی لوڕستان و کرماشان ڕاگه‌یێندرا.

کوردپرێس:

له‌ کۆنگره‌یێکی ڕۆژنامه‌نووسیدا له‌ ئه‌منه‌ سووره‌که‌ی شاری سلێمانی، سه‌نته‌ری هاوبه‌شی گرووپی لوڕ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری سلێمانی که‌مپه‌ینێکی هاوکارییان بۆ زیانلێکه‌وتووانی لافاو له‌ پارێزگاکانی لوڕستان و کرماشان ڕێکخست.

له‌ کۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسییه‌که‌دا جه‌بار یاوه‌ر سه‌رۆکی سه‌نته‌ری هاوبه‌شی لوڕ داوای له‌ سه‌رجه‌م هاووڵاتیان کرد که‌ هاوکاریی خه‌ڵکی زیانلێکه‌وتووی شاره‌کانی کرماشان و لۆڕستان بکه‌ن و وتی: به‌ هه‌ر شێوه‌یێک بێت بتوانن هاوکارییه‌کان بگه‌یه‌نن به‌ ده‌ستمان تا ئێمه‌ش بتوانین ئه‌و هاوکارییانه‌ بگوازینه‌وه‌، هاوکارییه‌کانتان وه‌رده‌گیرێت له‌ ئه‌منه‌ سووره‌که‌ی شاری سلێمانی و بۆ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ده‌توانرێت ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی که‌ پێشکه‌ش ده‌کرێت بریتی بێت له‌ پاره‌ و خواردنی له‌ قتونراو و جلوبه‌رگ و پێداویستیه‌کانی منداڵ و هه‌ر شتێکی دیکه‌ی گه‌رمکه‌ره‌وه‌ وه‌ک به‌تانی و ڕاخه‌ر.

هه‌روه‌ها له‌ کۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌نووسییه‌که‌دا بابه‌کر دڕه‌یی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانی وتی: ئه‌وه‌ی که‌ بیرمان بێت ساڵی 1991 که‌ کوردی هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌و خاکی ئێران ڕۆیشت، کوردانی ئێران هاوکاریی ئێمه‌یان کرد و ئێستاش کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ هاوکاری ئه‌وان بکه‌ین و به‌ هه‌ر شتێک که‌ ئه‌وان پێویستیان بێت چاوه‌ڕوانی هاوکارییه‌کانی ئێوه‌ین.

ناوبراو ئه‌وه‌شی وت: ئه‌م که‌مپه‌ینه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ کاتژمیر 10ی به‌یانی بۆ 5ی ئێواره‌ ده‌توانرێت سه‌رجه‌م ئه‌و کاڵا و شتومه‌ک و هاوکارییه‌ مادییانه‌ی له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ بهێنرێته‌ ئه‌منه‌ سووره‌که‌ له‌ شاری سلێمانی و وا بڕیاریشه‌ لقێکی که‌مپه‌ینه‌که‌ له‌ شارۆچکه‌ی خانه‌قینی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌ زیاد بکرێت.

هه‌ر بۆ زیاتر هاوکاری کردنی هاووڵاتییانی ئێران، ڕۆژی شه‌مه‌ی داهاتوو له‌ ته‌لاری هونه‌ر له‌ شاری سلێمانی گرووپی میوزیکی لوڕ به‌ هاوبه‌شی 10 هونه‌رمه‌ندی ژن و پیاو کۆنسێرتێک ساز ده‌که‌ن و داهاتی کۆنسێرته‌که‌ش بۆ زیانلێکه‌وتووانی لافاوی ئێران ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52954

Your Comment

You are replying to: .
captcha