فازڵ میرانی: یه‌ک جێگر بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم داده‌نرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ له‌ کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تدا دوو جێگر بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان دانانرێت.

کوردپرێس:

فازڵ میرانی سکرتێری مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای‌گه‌یاندووه‌ که‌ به‌پێی یاسای هه‌موارکراوی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێمی کوردستان پێده‌چێت جێگر و یاریده‌ده‌رێک بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم دابنرێت و دوو جێگری نابێت.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان داوای پۆستی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیان کردووه‌ و یه‌کێتییش پێشنیاری داوه‌ که‌ دوو جێگر بۆ ئه‌و پۆسته‌ دابنرێت.

له‌وباره‌وه‌ فازڵ میرانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد: ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ڕێککه‌وتنی پارتی و یه‌کێتییه‌ بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێم و لای ئه‌وان پۆست گرنگ نییه‌.

به‌پێی ڕێککه‌وتنی نێوان پارتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پۆستی جێگری سه‌رۆکی هه‌رێم به‌ گۆڕان دراوه‌ و کوێستان محه‌مه‌د ئه‌ندامی جڤاتی گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ ئێن ئاڕ تی ڕاگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ دانانی جێگر و یاریده‌ده‌رێکدا نین بۆ سه‌رۆکی هه‌رێم و ئه‌گه‌ر له‌ په‌رله‌مانیشدا کرا داوا ده‌که‌م هیچ په‌رله‌مانتارێک ده‌نگی پێنه‌دا چوونکه‌ ئه‌مه‌ زیادکردنی پۆسته‌ له‌به‌ر شه‌خس و حزب و بارگرانییه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێم."

هه‌فته‌ی ڕابردوو دوای 13 کۆبوونه‌وه‌ له‌سه‌ر پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکوومه‌تی هه‌رێم، به‌رپرسانی یه‌کێتی و پارتی ڕێککه‌وتنی نێوانیان ڕاگه‌یاند و بڕیاریشه‌ له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ڕێککه‌وتنه‌که‌یان واژۆ بکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52951

Your Comment

You are replying to: .
captcha