پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای سەرۆکایەتیی هەرێم دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بۆ جاری دووهەم پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوە بۆ یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم دەکات ئەوەش لە کاتێکدا تا ئێستاش پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمەوە نەگەشتوونەتە ڕێککەوتن.

کوردپرێس:

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تاوەکوو پەسەندکردنی دەستوور، کۆببێتەوە.

کۆبوونەوەکەش لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی پۆستەکانی یەکێتی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

پێشەوا هەورامانی، بەرپرسی راگەیاندنی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەمانەوێت کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەبچێت و هەموو هەوڵێکیش دەدەین فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی کۆبوونەوەکە بکات، ئەجێندای کۆبوونەوەکەش خوێندنەوەی دووەمە بۆ هەمواری رەشنووسی پرۆژەیاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان".

یەکێتی کە داوای جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەشداری لە خوێندنەوەکانی پڕۆژەیاساکەدا ناکات.

راهی راهبەر ئیبراهیم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ناکەین، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ لایەنی یەکەمی براوەی هەڵبژاردن نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، پێشیوایە پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بابەتێکی نیشتمانییە و دەبێت هەموو لایەنەکان کۆکبن لەسەر شێواز و هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ هەرێمی کوردستان، کە رەزامەندی هەموو لایەنەکانی لەسەر بێت''.

تاوەکوو ئێستا گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئەنجام، ئەگەرچی رێککەوتنێک لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا واژۆکراوە.

پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە سێی ئاسایی خۆیدا، کە رۆژی 30-3-2019 بەڕێوەچوو، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ رەشنووسی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد. بەپێی هەموارەکە تاوەکوو داڕشتنی دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت.

News Code 52846

Your Comment

You are replying to: .
captcha