هەڵبژاردنی شارەوانییەكان.. سەركەوتنێك بە تامی شكست بۆ ئاكپارتی

بەشی تورکیا- هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوە چووبەپێی ئەنجامەکان ئاکپارتی دەنگی پایتەختی تورکیای لەدەست دا و ئەردۆغانیش دانی بە شکستی حیزبەکەیدا نا.

کوردپرێس:

رۆژی یەكشەممە 31ی ئادار هەڵبژاردنی خۆجێیی لە 81 پارێزگای توركیا بەڕێوەچوو كە تێیدا 57 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە 1.2 ملیۆن كەسیان بۆ یەكەمجار بوو دەنگیان دەدا. لە 32 پارێزگای توركیا كە زۆربەی پارێزگا کوردنشینەکانی تورکیان دەنگدان لە كاژێر حەوتی بەیانی دەستی پێكرد و لە كاژێر چواری پاشنیوەڕۆ كۆتایی هات، لە 49 پارێزگاكەی دیكەش بنكەكانی دەنگدان لە كاژێر هەشت كرانەوە و لە كاژێر چواری پاشنیوەڕۆ داخران.

هەڵبژاردنەكەی رۆژی 31ی ئادار یەكەم هەڵبژاردنی خۆجێیی توركیایە لەدوای گۆڕینی سیستەمی سیاسیی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی. هەڵبژاردنی خۆجێیی پێشووی توركیا لە ساڵی 2014 بەڕێوە چوو كە تێیدا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) 42٪ی دەنگەكان و 818 شارەوانی و 11 هەزار و 309 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری بەدەستهێنا. پارتی گەلانی دیموكرات لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەكاندا 6.29%ی دەنگەكان و 91 شارەوانی و 1401 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری بەدەست هێنابوو.

ئەمساڵ كاندیدەكانی 12 پارت لە شار و شارۆچكەكانی توركیا ركابەرییان كرد كە بریتی بوون لە پارتی گەلانی دیموكراتیك (هەدەپە)، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی)، پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، پارتی چاك (ئی پارتی)، پارتی سەربەخۆی توركیا (بەتەپە)، پارتی یەكێتیی مەزن (بەبەپە)، پارتی دیموكرات (دەپە)، پارتی چەپی دیموكراتیك (دەسەپە)، پارتی سەعادەت، پارتی كۆمۆنیستی توركیا (تەكەپە) و پارتی نیشتمانی (وەتەن).

دەنگدانی ئەمجارەی توركیا لەكاتێكدا بەڕێوەچوو كە دۆخی ئابووریی توركیا باشی نەدەگوت. رێژەی هەڵاوسان لە توركیا 20٪ە و بەهای لیرەش بە رێژەی 30٪ دابەزیوە. هەر ئەمەش وایكرد ململانێی نێوان هاوپەیمانێتی جمهور و هاوپەیمانێتی میللەت بەهێز بێ. هاوپەیمانێتیی جمهور لە ئاكپارتی و (مەهەپە) پێكهاتووە، هاوپەیمانێتیی میللەتیش لە (جەهەپە) و (ئی پارتی) پێكهاتووە.

لە ماوەی رابردوودا درزی گەورە لە ئاكپارتی، پارتی دەسەڵاتداردا دەركەوتوون و ئەگەری لێكترازانی ئەو حیزبە هەیە. پێنج ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ئاكپارتی بە ئاشكرا خۆیان لە سیاسەتەكانی پارتی دەسەڵاتدار بەدوورگرتووە. كە بریتین لە عەبدوڵڵا گول، سەرۆككۆماری پێشووی توركیا، ئەحمەد داوودئوغڵو، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، محەممەد شیمشەك، عەلی باباجان و سەعدوڵڵا ئەرگین.

چاوەڕێ دەكرێ دوای هەڵبژاردنەكەی ئەمجارە ئەحمەد داودئوغڵو، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا، حیزبێكی نوێ دامەزرێنێ، ئەگەری بەهێزیش ئەوەیە چوار كەسایەتییەكەی دیكەی ئاكپارتیش پشتگیری لێبكەن. لەلایەكی دیكەوە دەنگۆی ئەوەش هەیە عەبدوڵڵا گول خۆی حیزب دابمەزرێنێ، سەرچاوەكان لە ناوەوەی ئاكپارتی بۆ میدیای توركیایان ئاشكرا كردووە كە 55 ئەندام پەرلەمانی ئاكپارتی بەڵێنی بەیعەتیان پێداوە.

بەمدواییە ئەردۆغان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە "كەسانێك هەن لە ئاكپارتی هەڵگەڕاونەتەوە، نامەوێ ناویان بهێنم، بەڵام ئەستەمە جارێكی دیكە لە هەمان رێبازدا پێكەوە بین".

لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا رێككەوتنی لایەنەكان یەكجار تۆخ بوو، مەهەپە هیچ كاندیدێكی سەرۆكشارەوانی بۆ 27 گەورەشارەوانی توركیا دیارینەكردبوو، لە كاتێكدا ئاكپارتیش هیچ كاندیدێكی بۆ سەرۆكشارەوانی سێ گەورە شارەوانیی ئەدەنە، مێرسین و مانیسا دانەنا. هەرچی جەهەپە و ئی پارتیشن لەسەر پشتیوانیكردنی یەكدی لە 22 گەورە شارەوانی رێككەوتبوون. جەهەپە 12 كاندیدی دیاریكردبوو و لە 10 شارەكەی دیكەش پشتگیری لە كاندیدەكانی ئی پارتی دەكرد. لە 51 پارێزگاكەی دیكەش رێككەوتنیان لەسەر 27 شارەوانی كردبوو.

پارتی دیموكراتی گەلانیش كاندیدی بۆ ژمارەیێک گەورەشارەوانی دیاری نەكردبوو، لەوانەش ئیستانبووڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، دیلوك، روحا، بورسا، ئەنتاڵیا و مێرسین.

News Code 52841

Your Comment

You are replying to: .
captcha