تاکه‌ کارتی براوه‌ی کورد، هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌ سووریایه‌

به‌شی جیهان- دوکتۆر نیکۆلاس هراس له‌باره‌ی داهاتووی کوردی سووریا و چاره‌نووسی دانووستانه‌کان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: له‌ ئێستادا تاکه‌ کارتی براوه‌ی کورد بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا، هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌و وڵاته‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاش نائارامییه‌کانی ساڵی 2011ی سووریا که‌ کورده‌کان به‌ دوای ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی زۆرترین ده‌ستکه‌وتیان وه‌ده‌ست هێنا و له‌ ئێستادا نزیک به‌ یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریایان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌ره‌وڕووی کێشه‌گه‌لێکی زۆر بوونه‌ته‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی چوار ساڵ و نیوی ڕابردوودا هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش پشتیوانی له‌ هێزی کوردی سووریا کردوووه‌ و باکووری ڕۆژهه‌ڵات و باشووری سووریایان له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه‌ که‌ زۆرترین مۆڵگه‌ی داعش له‌و ناوچانه‌دا بوو و چه‌ند ڕۆژ پێش ئێستاش دوامۆڵگه‌ی داعشیان له‌ شاری باغۆز کۆنتڕۆڵ کرده‌وه‌.

به‌ شێوه‌یێکی کورت‌کراو ده‌توانین کێشه‌کانی به‌رده‌م کوردی سووریا به‌م شێوه‌یه‌ باس بکه‌ین: ئه‌مریکا خه‌ریکه‌ هێزه‌کانی له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد ده‌باته‌ده‌ره‌وه‌ و تورکیا و ده‌وڵه‌تی سووریا چاوه‌ڕوانی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکان بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی کوردی سووریا کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه‌. تورکیا که‌ له‌ ساڵانی 2016 و 2018دا دوو ناوچه‌ی باکووری سووریای له‌ بنده‌ستی داعش و هێزی کوردی سووریا ده‌رهێنا پیشانی ده‌دات که‌ ده‌توانێت هه‌مدیسان هێرش بکاته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌. ده‌وڵه‌تی سووریاش وه‌ڵامێکی به‌ داواکاریی کورد نه‌داوه‌ته‌وه‌ و له‌مدواییانه‌دا سه‌رۆک کۆمار و وه‌زیری به‌رگریی سووریا دوو ڕێگایان له‌ به‌رده‌م کورد داناوه‌: یان وه‌ک ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی به‌رهه‌ڵستکارانی سووریا به‌ شێوه‌ی ئاشتییانه‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵیان ڕاده‌ستی هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی سووریا بکه‌نه‌وه‌ یان ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته‌ به‌ زه‌بری زۆره‌وه‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی ئه‌وان ده‌رده‌هێنێت.

ژماره‌یێک له‌ کارناسان پێیانوایه‌ که‌ کوردیش ئه‌هرۆمی چانه‌لێدان و کارتی براوه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه ‌بۆ دانووستانه‌ به‌بنبه‌ست گه‌یشتوووه‌کان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق.

نیکۆلاس هراس توێژه‌ری کاروباری ئه‌منیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ دیمانه‌یێکی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی کوردپرێس ڕای‌گه‌یاندوووه‌: "کارتی براوه‌ی کورد بۆ دانووستان له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د له‌سه‌ر داواکارییه‌کان، هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌ سووریایه‌."

ناوبراو گوتیشی: "کورد ده‌توانێت هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌ سووریا وه‌ک کارتێکی گوشار بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و کارتی براوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ داواکارییه‌کانی خۆی -که‌ گرینگترینیان خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌- به‌کار بهێنێت."

توێژه‌ری په‌یمانگای ناوه‌ندی نیوو ئه‌مریکه‌ن سکیۆریتی به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: "ئاواتێکی دێرینه‌ی کورد و به‌تایبه‌ت پاڵپشتانی هێزی سووریای دیموکرات (SDF) وه‌ده‌ستهێنانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری له‌ ده‌وڵه‌تی سووریایه‌ و ئاماده‌بوونی ئه‌مریکاش ده‌توانێت یارمه‌تییێکی زۆر به‌وان بدات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د داواکارییه‌کانیان قبووڵ بکات."

نیکۆلاس هراس له‌باره‌ی کارتێکه‌ریی هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌سه‌ر به‌هێزتربوونه‌وه‌ی کوردی سووریا جه‌ختی کرده‌وه‌: "به‌ بۆچوونی کوردی سووریا و به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی که‌ پاڵپشتی له‌ هێزی سووریای دیموکرات ده‌که‌ن، تا هه‌ر ڕاده‌یێک هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا بمێننه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ یارمه‌تییێکی فراوان به‌ دروست‌کردنی پێکهاته‌ی باشتری ئه‌منی له‌ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد ده‌دات."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52821

Your Comment

You are replying to: .
captcha