بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رۆژی هەینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی ڕووداوی ژێر ئاوكەوتنی موسڵ كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان كەس، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، "خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان ڕادەگەیێنین بۆ كارەساتی گیان لەدەستدانی دەیان كەس لە هاووڵاتیانی شاری مووسڵ كە لە ڕووباری دیجلەدا بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێكەوە گیانیان سپارد".
لە ڕاگەیاندراوەكەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو، "لەیەكەم ساتی ڕووداوەكەشەوە هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی تەندروستی و فریاگوزاری لە هەرێمی كوردستان ڕاسپێردراون بەدەم برینداران و لێقەومانەوە بچن و بە شێوەیێكی بەردەوام لە چاودێری كردنی ڕەوشەكەداین، ئەمەش بە ئەركی نیشتمانی و برایەتیی هاوبەشمان دەزانین".
جەختیش كراوەتەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشدار و هاوبەشی ماتەمی گشتییە لە عێراق و بەم بۆنەیەشەوە چالاكی و ئاهەنگە فەرمییەكانی جەژنی نەورۆز ڕادەگرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment